پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

بە ڕوونی.. 
شەنگال


نالەباری باری ئەمنی و هێرشی ئاسمانی ناوبەناوی تورکیا و ململانێی هەر سێ جەمسەری بەهێزی عێراق لەسەر شەنگال، هۆکارێکی گەورەیە بە نەگەڕانەوەی شەنگالیە ئاوارەکان بۆ شارەکەی خۆیان.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (هیومان ڕایتس وۆچ)
کە له ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.
 لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەى بەوەداوە پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەى شنگال وەستاوە، هۆکارەکەشى بۆ ناکۆکی سیاسی لەسەر بەڕێوەبردنى قەزاکە گەڕاندووەتەوە.


بەپێی ئامارەکان زیاد لە ٢٠٠ هەزار کوردی ئێزیدی بەهۆی نالەباری ئاسایشی شەنگال و نەبوونی ژێرخانێکی ئابوری بەهێز. نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شارەکەی خۆیان و تا ئێستا لە کەمپەکاندا دەژین.
سەختی ژیانکردن لە شەنگال وایکردووە کە دانیشتوانی شەنگال کە کوردی ئێزیدین ڕۆژ بە ڕۆژ شارەکە چۆڵ بکەن و بەرەو ناوچەکانی کوردستان کۆچ بکەن، ئەمەش وای کردووە عەرەبەکان بە دەرفەتی بقۆزنەوە و تەعریبێکی نەرمی ئەو ناوچانە بکەن و بیکەن بە موڵکی خۆیان.


لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەنگال و ڕودانی جینۆسایدی شەنگال، بۆشاییەکی ئەمنی لەو ناوچانەدا دروست بوو کە (کۆما جڤاکێن کوردستان) کەجەکە لە بەرژەوەندی خۆی قۆستیەوە و دەستی کرد بە ناردنی هێز بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتیانی ئێزیدی شەنگال و یارمەتیدانیان بۆ دروستکردنی هێز و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ژێر چاودێری کەجەکە.

بوونی (یەبەشە) یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال و هێزەکانی پاراستنی ئێزیدیخان کە لە چوارچێوەی خۆ بەڕێوەبەری دیموکراتیدا خۆیان بەڕێوەدەبەن، پارتی و دەوڵەتی تورکیای توڕەکردووە، هەر بۆیە دەسەڵاتی هەرێم بە دەیان شێوە سزای ئەو ناوچەیە و خەڵکەی دەدات و ڕێگرە لە گەڕانەوەی ئاوەدانی و ئاسایش بۆ ئەو ناوچەیە.
 

شەنگال له دوای ساڵی ٢٠١٥ و ئازادکردنی، بوەتە گۆڕەپانی جەنگ، دەوڵەتی تورکیا بە بیانووی هەبوونی پەکەکە و مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا. بەردەوامە لە هێرشکردن و دەستوەردان لەو شارە،  بە هێرشەکانی بۆ سەر شەنگال، چ لە ڕووی زەمین یان ئاسمان یاخود سزای سیاسی و ئابوری.


حكومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەکردنی ناکۆکیەکان لەسەر شەنگال ڕێککەوتنێکیان ئەنجامدا، کە هەردوولا بە مێژوویی ناوی دەبەن، ئەویش ڕێککەوتنی شەنگالە.


هەندێک لە خاڵە گرنگەکانی ڕێککەوتنی شەنگال:


دروستکردنی بەڕێوەبەردنێکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی هەرێم، هەڵوەشاندنەوەی کۆت و بەندەکانی بەردەم ڕێککەوتنەکە کە لە دوایی ساڵی ٢٠١٧ بڕیاری لەسەر دراوە.

پاراستنی شەنگال و دابینکردنی ئاسایش بۆی
کە لەلایەن پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بەڕێوەببرێت.


خاڵی سێیەم ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بە نزیکەیی له ٪٨٠ی ئەو ناوچانە بەتەواوی وێران کرا.


زۆرینەی لایەنە کوردستانیەکان دژی ئەم ڕێککەوتنەن و بە خیانەتی پارتی ناوی دەبەن، لە حاڵەتی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە، پێویستە یەبەشە و هێزەکانی پاراستنی ئێزیدیخان هەڵبوەشێنەوە و تێکەڵی هێزەکانی تر ببن، ئەمەش وای کردووە کە ئەو لایەنە پارتی تاوانبار بکات و ڕێککەوتنەکە بە پلانگێڕی وەسف بکات.


ڕێککەوتنی شەنگال چەندین گرفتی گەورەی لە بەردەمدایە و ناتواندرێت جێبەجێ بکرێت، بەشێک هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی ئەو ڕێککەوتنە، ناسەقامگیری ڕەوشی سیاسی عێراقە کە خۆی لە ناکۆکی لەگەڵ هەرێمدا دەبینێتەوە، ناتەبایی کوردیش لە نێوان خۆیاندا هۆکارێکی ترە بۆ جێبەجێنەکردنی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە حاڵەتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەدا، جەنگێکی دیکە لە شەنگالدا لە نێوان پارتی و پەکەکەدا ڕوودەدات کە لە بەرژەوەندی کوردانی شەنگالدا نیە و ئەم شارەش دەبێتە قوربانی شەڕی براکوژی.

شکار صابیر جیهان

تعليقات