پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

 



شاری بەدرە لە باشوری کوردستان
شاری بەدرە نزیکە لە شاری خانەقین و مەندەلی و ناوەڕاستی عێراق لە لێواری ڕۆژهەڵاتەکەی و چەند کیلۆمەترێک لە سنووری باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان (عێراق و ئێرانە) دوورە، شارێکی سنووری بەناوبانگە و یەکێکە لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی عێراق و ئێران. بەدرە یان (بەیرە) بەو شێوەیەی کە دانیشتووانی کورد ناوەکەی دەڵێنەوە، شارێکی کوردیە بەڵام بەهۆی سیاسەتی شۆڤێنیەوە لەژێر مەترسی تەعریبدایە خوێندنی کوردی نەماوە لەم شارە و ڕێژەیێکی کەمی خەڵکەکەی دەتوانن بەڕێنوسی کوردی بنوسن.

هەڵکەوتەی جوگرافی شاری بەدرە:

شاری بەدرە بە دووری نزیکەی 200 کم لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەختی عێڕاقەوە هەڵکەوتووە، بە دووری 70 کم لە ڕۆژهەڵاتی شاری کوت، هەروەها 20 کم لە سنووری عێراق و ئێرانەوە دوورە، لەوێش بەرامبەر بەرزاییەکانی پشتکۆیە لە پارێزگای میهران ئێران لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها پشتکۆ یەکێکە لەو میرنشینە کوردە لوڕانەی (فەیلی) کە تا ساڵی ١٩٢٩ نیمچە سەربەخۆ بوو، کە دوای فەرمانڕەوای غوڵام ڕەزاخان ڕووخێنرا لکێنرا بە دەوڵەتی ئێرانی نوێ. شاری بەدرە نزیکە لەشارەکانی زورباتیە و جەسان، کوردەکان هەرکاتێک ناوی بەدرە بهێنن ناوی جەسانیش دەهێنن دەڵێن: بەدرە و جەسان.

شاری دێرینی بەدرە:
ڕەنگە کۆنترین ئاماژەکان بۆ شارێکی مێژوویی لە شوێنی ئێستای شاری بەدرە لە یەکێک لە پارچە قوڕینە گڵینییەکاندا بووبێت کە نوێنەرایەتی نەخشەی جیهانی دەکرد مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا، کۆنترین نەخشەی لەسەرە لە مێژوودا، کە تێیدا ئاماژە بە شارێک کراوە بە ناوی (خانەقا)، کە دەکەوێتە ناوچەیەک لەباشوری شاری بەدرە. نەخشەکە پێکهاتووە لە بازنەیەک کە نوێنەرایەتی دیسکی زەوی دەکات کە بە (دەریای ئاسمانی) دەورە دراوە، لەناو ئەو نەخشەیەدا بابل و ئاشوور دانراون، هەروەها بەشی باشوور لە تاڵاوێکدا نوقم کراوە کە بەستراوەتەوە بە دەریاوە، ئەو پارچە قوڕینە گڵینەیەی کە نەخشەکە ئاماژەی پێکراوە ئەمڕۆ پارێزراوە لە مۆزەخانەی بەریتانیا.

ناوی بەدرە:
هەندێک ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوی (بەدرە) ڕەگێکی قوڵی هەیە یاقوت حەمەوی لە کتێبی (معجەم البلدان) دا باسی ئەفسانەیەکی پەیوەست بەو شارە دەکات، ئەویش ئەوەیە کە ئەم ناوچەیە خوداوەند (پادراریا)ی لێبووە بەناوبانگە بە دار و درخەتە باشەکانی، هەروەها نەمرود دارەکانی لەوێوە هێناوە بۆ سوتاندنی پێغەمبەر ئیبراهیم (درودی خوای لەسەر بێت).
بۆیە گوایە ناوی بەدرە لە خوداوەند پادراریا هاتووەو بەبپێی کات گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
بەڵام هیچ بەڵگەیەکی شوێنەواریی نییە کە پشتگیری لەم باسە بکە.
شوێنەوارەکانی شاری بەدرە:
پێویستە بگوترێ کە گرنگترین شوێنەوارەکانی ئێستای شاری بەدرە بریتین لە “تل نیشان ئەسوەد” و ناوچەی “ئەلئەکار” کە نزیکەی پەنجا شوێنی شوێنەواری لەخۆدەگرێت، بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە مامۆستای کۆچکردووی مێژووی کۆنی عێڕاقی پێشکەشی کردووە د.محمد سعید العتبی بەوردی باسی ئەم شوێنەوارانەی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغ و سەردەمە مێژووییە جیاوازەکان لە مێژووی کۆنی خاکی میزۆپۆتامیا.

دانیشتوانی شاری بەدرە:
شاری بەدرە لە باشوری کوردستان هاوشێوەی ناوچە کێشە لەسەرەکانە، شارەکە کوردانی فەیلی(لوڕ)ن، عەشیرەتێکی ناسراوی لێیە کە لە مێژوودا بە (بابا یاری) ناسراون، یەکێکن لە هۆزی کوردە (لار)ەکان، شاری بەدرە سنوری لەگەڵ لوڕستاندایە بۆیە هاتوچۆیێکی باش و پەیوەندیێکی باش لەنێوان ناوچە سنوریەکانی هەردوولا هەیە. هەروەها شاری بەدرە دوای سیاسەتی تەعریب ئێستا هۆزە عەرەبیەکانی وەک عوتبە و بەنی ڕەکاب و بەنی خالید لێ نیشتەجێ بوون.
ژمارەی دانیشتوانی بەدرە بە نزیکەیی 40هەزار کەسە.

ئابووری شاری بەدرە:
دیارترین چالاکیی ئابوری شارەکە کشتوکاڵییە، بەو پێیەی شارەکە چەندین کێڵگەی دارخورمای تێدایە، ژمارەیەک لە دانیشتوانی شاری بەدرەش بازرگانی دەکەن، چونکە شارەکە نوێنەرایەتی پەڕینەوەیەکی گرنگ دەکا، کە شارەکانی ناوەڕاستی عێراق بە شارەکانی ناوەڕاستی ئێرانەوە دەبەستێتەوە.
هەروەها کانگاکانی قەراغیش لە شارەکەدا هەن کە قەراغی بەکارهێنراو بۆ شارە گەورەکان دابین دەکەن، لە پیشەسازیشدا شارەکە گۆڕانکارییەکی گرنگی ئابووری بەخۆیەوە بینی دوای دۆزینەوەی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی بەدرە، گۆڕینی شارەکە بۆ شارێکی نەوتی، ئەمڕۆ بەشێکی گرنگی خەڵکی شارەکە لە کۆمپانیای نەوت و لە دەروازە سنوورییەکە کاردەکەن.

وەرزشی شاری بەدرە:
یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکانی شاری بەدرە بوونی یانەی وەرزشی بەدرەیە بۆ بەرزکردنەوی قورسایی، تا ئەو ڕادەیەی شارەکە بووەتە کارگەیەک بۆ پاڵەوانە نێودەوڵەتییەکان لەم وەرزشەدا.


ئاژانسی ڕاگەیاندنی فەرەنسا لە ڕاپۆرتێکدا کە لە مانگی حوزەیرانی 2018 بڵاویکردووەتەوە تێیدا شاری بەدرە بە پایتەختی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی قورسایی وەسف دەکا و لە ڕاپۆرتەکەشدا هاتووە: “ئەگەر شارێک لە عێراق هەبن کە بە شوێنە گەشتیارییەکانیان بەناوبانگ بن، یان شوێنەوارە مێژوویەکان، و پیشەسازیەکان، ئەوا شارۆچکە بچووکەکەی بەدرە کە دەکەوێتە سەر سنووری عێراق و ئێران ئەوا خۆی وەک شارێکی تایبەت بە بەرزکردنەوەی قورسایی نیشاندەدا.
ڕاپۆرتەکە لە درێژەدا دەڵێت: "سەرەڕای ئەم سەرکەوتنانەی شارەکە بەدەستیهێناوە، بەڵام هۆڵی وەرزشەکەی لە دۆخێکی خراپدایە، بۆیاخەکەی لە دیوارە سەوزەکانەوە دەتوێتەوە، پانکەی سەقفی هەوای گەرم دەهێنێت، پارچە ئاسنەکانیش کۆن بوون"
ڕاهێنەری تیمی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق خودەیر پاشا بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: “خەڵکی ئەم شارۆچکەیە پێشتر کێبڕکێیان دەکرد لە بەرزکردنەوەی پارچە ئاسنی گەورە وەک جۆرێک لە نمایشکردنی هێز و بەرگەگرتن، بەتایبەتی پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل”.  ئاماژەی بەوەشکرد، “ژمارەیەک گەنجی شارەکە لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەگەری ئەنجامدانی ئەم جۆرە وەرزشەیان دۆزیەوە، بۆ یەکەمجاریش لە ساڵی 1974 بەشداری پاڵەوانێتی عێراقیان کرد، کە لە پارێزگای دیوانیە بەڕێوەچوو.
هەروەها باس لە بەرزکەرەوەی قورسایی محەممەد جاسم دەکات کە میدالیای زیوی لە یارییە ناوماڵەکانی ئاسیادا بەدەستهێنا، کە لە ساڵی ٢٠١٧ لە تورکمانستان بەڕێوەچوو.
ئەم شارە بچوکەی باشوری کوردسان بووەتە شارێکی کوردی لە کە لە وڵاتانی عەرەبی و ئاسیادا بۆ وەرزشی بەرزکردنەوەی قورسایی ناسراوە ئەمەش مایەی ڕێزە.

جەنگی هەشت ساڵەی عێڕاق و ئێران و کاریگەریەکانی لەسەر شاری بەدرە:

شاری بەدرە بە درێژایی هەشت ساڵی شەڕی ئێران و عێراق لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا گۆڕەپانێکی شەڕی توند بوو و نزیکەی تەنیا چەند کەسێکی کەم لە خەڵکەکەی بەرگەی مانەوەیان لەوێ گرت لە ئەنجامی ئەو کۆچکردنە گەورەیەی کە ڕوویدا بۆ ڕزگاربوون لە جەنگ. بەڵام وەک هەر شارێکی زیان لێکەوتو، هەر کە جەنگ له ساڵی ١٩٨٨دا وەستا بە خێرایی گەڕایەوە بۆ زیندوویی و شێوازی ژیانی پێشووی و لەبەر ئەوەی شارێکی کشتوکاڵیی و بەپیت و فەڕە بەڵام لەو کاتەدا عەرەبێکی زۆری هاوردە کەوتنە ناو شاری بەدرە، لەئێستاشدا بەتەواوی مەترسی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیای لەسەرە.

کێشەی ئاوی شاری بەدرە:
کێشەی ئاوی بەدرە کۆنە و ئەو کێشەیە لە سەرەتای ساڵی ١٩٣٠ سەریهەڵداوە دوای ئەوەی کەناڵی نوێی ئاودێری لە ئێران هەڵکەندرا ڕێڕەوی ڕووباری گەنجان جام لابرا، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبارەکە ئەم کێشەیە کاریگەری وێرانکەری لەسەر شارەکە و بارودۆخی ئابووری بەجێهێشت و ئەم کێشەیە تا سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بەبێ چارەسەری ڕیشەیی مایەوە.
  پڕۆژەی ئاودێری بەدرە - جاسان - زورباتیە بە دروستکردنی کەناڵێکی درێژی ٦٤ کم دەرچووە کە ئاوەکەی لە ڕووباری دیجلە وەردەگرێت، بەڵام پڕۆژەکە پشتگوێ خرا.
ئەمەش ئەمڕۆ شارەکەی خستۆتە دۆخێکی قەیرانی ئاوی ڕاستەقینە کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕوونی ژمارەی دانیشتووانەکەی. بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم دواییەی بڕی نەوت لە کێڵگەکانی شاری بەدرا، خەڵکی شارەکە هیوادارن جارێکی دیکە سەرنج بگەڕێتەوە بۆ شاری باخچەکان و لەو دۆخە خراپە ڕزگاری بێت کە تووشی بووە.

-لێکۆڵینەوەی ناوەندی کوردزاگ لەسەر شاری بەدرە.

تعليقات