پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

 



خێنیاس، ئەو پیاوە ئاینییە کریستیانە کوردەی کە دوو سەد ساڵ پێش ئیسلام لە گەرمیان لە دایکبووە و هاوسەردەمی برایم میدی بووە و دواتر لەسەر بیروباوەڕی ئاینی دوورخراوەتەوە بۆ بولگاریا، کێ بووە؟


لە منداڵیدا پەرتووکە مێژووییەکان لەسەر کورد، ڕوخسارێکی درۆینەیان لە هزرمدا لەسەر کورد دروست کردبوو. ئەو کات هەرگیز نەمدەزانی کە باوباپیرانمان پێش هاتنی موسوڵمانەکان، خەریکی گفتوگۆی فەلسەفی  قوڵ بوون و چەندین قوتابخانەی فیکری و ئاینی لە سەر ئەم خاکە هەبوو بوون. بەڵام کە ئەمرۆ سەیری سەرچاوەکان دەکەم، هەندێک جار زانیاریەکان دەبنە مایەی سەرسوڕمان و بۆم دەردەکەوێت کە چۆن زیاتر لە سەد ساڵە درۆیان بە مێژوو بێ فرۆشتووین. چیرۆکی خێنیاس، پەنجەرەیەکە لەسەر ڕابردووی فەرهەنگیی دەوڵەمەندی کورد و ڕوویەکی ڕاستیی کۆمەڵگەی کوردی ڕابردوو دەخاتەڕوو. 


پێش هاتنی موسوڵمانەکان و بەهۆی بوونی دوو زلهێزی ئەو سەردەمەوە، عەجەم لە ڕۆژهەڵات و ڕۆم لە باکور و ڕۆئاواوە، کوردستان بوو بووە ناوچەیەکی سنووریی نێوان دەسەڵاتی سیاسی ئەو دوو زلهێزە. لە ئەنجامدا ناوچەکە گۆڕەپانی کێبڕکێی نێوان ئاینی زەردەشتی و کریستیانی بوو. عەجەم پشتگیری زەردەشتی و ڕۆم هی کریستیانی دەکرد. ئەم کێشمەکێشە زۆر جار بووە بووە هۆی ئەوەی کە لە کوردستاندا چەندین ڕێچکەی ئاینیی کریستیانی دەربکەوێت، گرنگترینیان یەعقوبی بووە. کوردە یەعقوبیەکان هەردوو مێژوونوسان مەسعودی و تەبەری لە سەدەی نۆیەمی زاینیدا ئاماژەیان پێکردوون. 


ئەم وتارە لەسەر کوردێکی کریستیانی یەعقوبیە بە ناوی خێنیاس. خێنیاس لە ساڵی ٤٤٠ ز لە گوندی تەهاڵ لە گەرمیان لە دایکبووە. وەک زۆر لە زانا ئاینیەکانی سەردەمی خۆی، ڕووی کردۆتە شاری ئەستەمبوڵ و ئورفە و شارەکانی تری باکور و ڕۆژئاوای کوردستان. خێنیاس بە نزیکی هاوسەردەمی "برایم میدی" بووە، کە بە داخەوە جگە لە ناوهێنانی لە سەرچاوەکاندا، شتێکی ئەوتۆ سەبارەتی نازانرێت. ئەوەی کە دەزانرێت، برایم میدی لە نزیک داقوقی ئەمڕۆدا لە سەدەی پێنجەمی زاینیدا لە کوردستاندا ژیاوە.


خێنیاس لەلایەن پەیڕەوانی ڕێچکە ئاینیە کردیستیانەکانی ترەوە زۆر دژایەتی کراوە. خۆی بە تایبەت ئاماژەی بەو دژایەتی کردنە کردووە. ئەو وەک سەرکردەیەکی یەعقوبیەکان بە تەواوی ڕێچکەی نەستۆری کریستیانی ڕەتکردۆتەوە. لەسەر بیروباوەڕی ئاینی جیاوازی، لە کڵێساکانی شاری ئورفە دەرکراوە. ئەو شارەی کە نزیکی هەشت سەد ساڵ دوای خێنیاسیش هەر بە شارێکی میدی ئاماژەی پێکراوە. بەڵام دوای ماوەیەک، دەسەڵاتدارێکی ئاینی بەناوی پۆڵەوە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و خێنیاس لە ساڵی ٤٨٥ ی ز دا کراوە بە قەشەی باڵای شارۆچکەی "مەنبج" ی ئەمڕۆ کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای کوردستان. لە ئەنجامدا خێنیاس نازناوی ڕۆمیی فیلۆکسینۆسی مابوگ- ی وەرگرت، هەر بە ناوی ئەو شارەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە.


زۆری نەخایاندووە دەسەڵاتی ئاینی کەوتۆتەوە دەستی نەیارەکانی و قەشەی باڵای ئەستەمبوڵی ڕۆمی، خێنیاسی بە لادەر لە ڕێچکەی گشتی کریستیانی داناوە. خێنیاس بە پشتگیری قەیسەری ڕۆم، ئەناستاسیۆسی یەکەم، کەمپەینێکی لە دژی ئەو پیاوە ئاینیە دەستپێکردووە، دواتر بە هاتنی قەیسەری نوێی ڕۆم، جەستینی یەک، خێنیاس دەستگیر کراوە و دوورخراوەتەوە بۆ شاری بلۆڤدیڤی بولگاریای ئەمڕۆ. لەوێ بە دەستبەسەری ژیاوە و هەتاوەکو کۆتایی ژیانی خەریکی نووسین بووە و لە ساڵی ٥٢٣ ز دا کۆچی دوایی کردووە. هەندێک سەرچاوە دەڵێن دوایی کوژراوە بەڵام ئەو زانیاریە یەکلانەکراوەتەوە. ئەوەی کە مایەی سەرنجە یەکێک لەو تاوانانەی کە دەدرایە پاڵ خێنیاس ئەوە بووە کە ئەو کەسێکی سەر بە مانیەکانە، کە پێغەمبەرێکی مەزنی ناوچەکە و دایکوباوکی هەمەدانی بوون و کریستیانەکان وەک مەترسی لەسەر خۆیان سەیریان کردووە.


خێنیاس بەرهەمێکی زۆری نووسراو و جیاوازی ئاینی هەیە و ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە تەواوکردن و نووسینەوەی ئینجیلی ئارامیدا کە لە ساڵی ٥٠٨ ز دا تەواو بووە و هەر بە ناوی خۆیەوە ئاماژەی پێ دەکرێت. نووسینەوەی ئەو ئنجیلە، متمانەی زۆری کردۆتە سەر سەرچاوە یۆنانیەکان. ئینجیلەکەی خێنیاس بۆ سەدان ساڵ باشترین ئینجیلی ئارامی بووە. جگە لەو کارەی خێنیاس، بە دەیان بەرهەم و نامەی لێ بەجێماوە. کەمێکیان وەرگێڕاونەتە سەر زمانی ئینگلیزی و ژمارەیەکی باشیان لە مۆزەخانەی بەریتانی هێشتا وەرنەگێراون و لەوێ هەڵگیراون. گرنگرتینیان سیانزە نامەن لەسەر خەڵوەتگەریی کە چەندین لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە.


هەندێک جار ناوی کەسایەتیە کریتسیانەکانی کوردستان، تێگەیشتنێکی هەڵە دروست دەکەن.  هەندێک کەس وا دەزانن کە ئەو کەسانە کە ناویان ئارامیە، کورد نین. بەڵام ناوی ئارامی یان نووسین بە ئارامی بە هیچ شێوەیەک ئاماژە نین بە ڕەگەزی کەسێک. لەبەر ئەوەی کە زمانی ئارامی لە سەردەمی ئاشوریەوە زمانێکی گرنگی بڵاوی نووسین بووە. هەروەها زۆرینەی کریستیانە کوردەکان، وەک هەموو کەسانێکی تر، ناوی پەیوەست بە ئاینی کرسیتیانیان بۆ خۆیان داناوە کە زۆربەیان ئارامی بوون. بۆیە برایم میدی و یوسف شارەزووری و سەدانی تر، هەمووی کورد بوون.

ئەوانەی سەرەوە هەموویان دەری دەخەن کە ئەوەی پێی دەڵێن مێژووی پێش ئیسلامی کورد و کوردستان، بەشێکی زۆری متمانەی نەکردۆتە سەر بەڵگەنامە و بە خەیاڵاتی مێژوونوسان نووسراون. ژیانی خێنیاس سەردەمێکی دەوڵەمەندی فیکری ئاینی و فەلسەفی کوردیە و تێگەیشتن لەو کەسایەتیە و هاوشێوەکانی، تێگەیشتنمان لە ڕابردووی کورد دەوڵەمەند تر دەکات.


 هەتاوەکو ئەم کاتەی کە من ئەم بابەتە دەنووسم، لێکۆڵینەوەی نوێ سەبارەت ئەم کەسایەتیە مەزنە جیهانیە بڵاودەکرێتەوە و دوایەمین پەرتووک لە سەری بە زمانی ئینگلیزی، لە ساڵی ٢٠١٣ دا بڵاو کراوەتەوە. بەڵام بەداخەوە وەک هەمیشە، لە گەرمیان و کوردستاندا کە شوێنی باوانیەتی، بە نزیکەی کەس ناوی نەبیستووە.

  


تێبینی:

- خێنیاس بە چەند ناوێک ناسراوە، لەوانە فیلۆکسینۆسی مابۆق (مەنبج) هەندێک سەرچاوە دەڵێن ئەم پیاوە لە بنەڕەتدا ناوی یوسف بووە. 

- هەتاوەکو ئێستا گوندەکەی خێنیاس، (تەهاڵ) م بۆ دەستنیشان نەکراوە. 

- چەندین ساڵ لەمەوبەر ئەم نووسینەم بڵاوکردۆتەوە، بەڵام بە دەستکاریەکی زۆرەوە ئەمڕۆ دانراوەتەوە. 



نوسینی: سۆرانی حەمەڕەش




تعليقات