پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

 



ڕەمەزانی ئەیووبی

لە سەردەمی ئەیووبی دا، بە مەبەستی بینینی مانگ، ژمارەیەک پیاو ڕەوانەی بیابان دەکران. کاروانی "موتەحەسیب" و پیشە ساز و سەرباز و سروودبێژ و مۆسیقاژەنان، لە قەڵاوە دەچوون بۆ ماڵی دادوەر و لەوێ دەمانەوە تا یەکێک لەو کەسانەی کە نێردرابوون بۆ بینینی مانگ دەگەڕایەوە، پاشان کاروانەکە دەستی پێ دەکرد و بڵاو دەبووەوە بۆ کۆمەڵێک، کە بەناو شاردا دەسووڕانەوە و هاواریان دەکرد: یا أمة خیر الأنام غدا صیام صیام «ئەی گەل، باشترینی گەلان، سبەی ڕۆژووە، ڕۆژووە هەروەها دەیانگوت: صیام صیام حکم من شیخ الاسلام «ڕۆژوو، ڕۆژوو، بڕیاری شێخی ئیسلامە».

سوڵتانانی دەوڵەتی ئەیووبی لە مانگی ڕەمەزاندا، هەموو شەوەکانیان بە نوێژی تەراویح و خوێندنەوەی قورئان بەسەر دەبرد. لە ڕۆژیشدا خۆراکیان دەبەخشی بە هەژاران و سفرەیان ساز دەکرد، تا ئەو ڕادەیەی کە سفرە لە شەقامەکانی قەڵادا دادەنرا. هەندێک لە خەلیفەکانی دەوڵەتی ئەیووبی داب و نەریتێکیان هەبوو کە لە سەرەتای ڕەمەزانەوە جلوبەرگیان بەسەر خەڵکی دا دابەش دەکرد لەڕێی «خانەی بەرگەوە»، هەروەها بە درێژایی مانگ پێداویستییان بەسەر هەژاراندا دابەش دەکرد لە «خانەی خۆراک» دا، کە شەکر و هەنگوین و زەعفەران ئارد و جۆرەکانی گوێزی تێ دابوو. سەبارەت بە ئاهەنگگێڕان لە دەوڵەتی ئەیووبییدا بۆ مانگی ڕەمەزان، سوڵتانەکانی دەوڵەتی ئەیووبی گرنگییەکی زۆریان بە مزگەوتەکان دەدا، ئەوان مزگەوتەکانیان دەڕازاندەوە و پارەیان بۆ تەرخان دەکرد، هەروەها کتێب گەلێک، بەتایبەتی کتێبانی چوار مەزهەبەکەیان دەبەخشی.

ڕێوڕەسمی ئەیوبیەکان لە مانگی ڕەمەزاندا لە هۆڵێکی تایبەتدا ئەنجام دەدرا کە شا ئەلکامیل بۆ ئەم مەبەستە دروستی کردبوو، ناوی «هۆڵی ڕەمەزان» بوو، کە سوڵتان لەوێ دادەنیشت و فەقێ و زانایان بە درێژایی مانگی ڕەمەزان لە دەوری کۆ دەبوونەوە. گوێگرتن لە وانەکانی ڕاڤەی قورئان بەردەوام دەبوو تاکوو ڕێوڕەسمی شەوانی قەدر، ئەو کات بە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و وانە گوتنەوە لە مزگەوتەکان و کردنەوەی دەرگای ماڵی خانەدانان، لە هەژاران و ئەو سەربازانەی لە شەڕەوە دەگەڕانەوە بۆ خواردنی نانی ئێوارە و پارشێو پێشوازییان لە کۆتا دە ڕۆژ دەکرد. پاشان بەشەکەی تری شەوەکەیان بە خوێندنەوەی قورئان و گێڕانەوەی چیرۆکی پێغەمبەران بەسەر دەبرد. 

-ئەحمەد محمد

تعليقات