پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

٨ی مارس هیچ پەیوەندی بە کوردستانەوە نییە!

 



٨ی مارس هیچ پەیوەندی بە کوردستانەوە نییە!


چەپەکانی کوردستان بە هۆکاری ئایدیۆلۆژیک ڕۆژی ٨ی مارەیان بەناوی ڕۆژی جیهانی ژن هێنایە کوردستان. گومانی تێدا نییە کە لە کوردستان هیچ کولتورێک بۆ ئەو ڕۆژە بوونی نییە و لەڕاستیدا ئێستا هەوڵ دەدرێت کولتورسازی بۆ بکرێت. 


بەدڵنیاییەوە کوردستانیش وەک هەموو ولاتی دیکەی دونیا بۆنەی تایبەت بە خۆی هەیە کە بێوچانی بۆنەی نوێ دەخوڵقێن کە بەشێکن لە مێژووی نەتەوەکان. هەبوونی ڕۆژی ژن لە کوردستان یەکێک لەو بۆنانەیە کە دەتوانێ زۆر واتادار بێت و خۆم بە لایەنگری هەبوونی بۆنەیەکی وەها دەزانم. لێ پرسیار ئەوەیە کە بۆنەیەکی وەها لە کوردستان مەگەر نابێ پەیوەندی بە خودی مێژوو و کولتوری ئەو نەتەوەشەوە هەبێت و لە بۆنە و ڕووداو و پرۆسەیەکی سرووشتیدا خوڵقابێت؟!


کێشەی ٨ی مارس ڕێک لەوەدایە. ڕۆژی ژن لە ساڵی ١٩٠٩ بەو لاوە چەند جار گۆڕاوە. یەکەم جار لەدوایی مانگرتنەکانی نیویۆرک لە ١٩٠٨ لەلایەن پارتی سۆسیالیستی ئامریکا لە ٢٨ی ٢ی ١٩٠٩ جێژن گیرا. ساڵێک دواتر کە سۆسیالیستی ١٧ ولات لە دانمارک کۆنفرانسیان گرت، کلارا زتکین ڕۆژی ١٩ی مارسی پێشنیار کرد کە پەسەند کرا و ساڵی ١٩٠٩ زیاتر لە یەک ملوێن سوسیالیست و کرێکار و چەپ لە ٤ وڵات بەشداری ئەو ڕۆژەیان کرد. لە ساڵی ١٩١٣-١٩١٤ ئەو ڕۆژەیان گواستەوە بۆ ٨ی مارس بۆ دژایەتی لەگەڵ شەڕی یەکەمی جیهانی. هۆکاری ئەو گواستنەوە ئەوە بوو کە کۆمەڵێک لە ژنانی سان پێترزبۆگی ڕوسیا کە هێشتا شۆڕشی ١٧ی ڕووسیا ڕووی نەدابوو. ئەم ڕووداوە دواتر بوو بە فاکتەرێکی گرینگ هاتنە دەسەڵاتی لینین لە ڕووسیا کە بە بەستنی پەیمانی مۆسکۆ لەگەڵ ئاتاتورک کۆماری تورکیای وەک داگیرکەری کوردستان دامەزراند و پاڵپشتی سەرەکی تورکیا بوو لە پەیمانی لۆزان. 


لە ساڵی ١٩٧٥ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر بنەمای ئەوەی کە نزیک بە نیوسەدە ئەو ڕۆژە لە سۆڤییەت و وڵاتانی سوسیالیستی چێژی گیراوە و پشووی فەرمی بووە، بۆ یەکەم جار بە فەرمی جێژنیان گرت کە بوو بە هۆی بە جیهانیبوونەوەی ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانی ژن.


پاشخانی ئەو بۆنەیە کە سەیر دەکەین نەک فڕی بە ژنانی کوردستانەوە نییە، بەڵکو فڕی بە ژنانی جیهانیشەوە نییە. تەنیا باکگراوندی ئایدیۆلۆژیکی سۆشیالیستی لە پشتە کە لە ڕاستیدا ژن وەک ئامرازێک بۆ داخوازی ماف و نان و ئاشتی لە سەرمایەدار یان دەوڵەتانی شەڕئاژۆ کەڵکیان لێ وەرگیراوە. دواتر هەر ئەمە بووە بە بۆنە لە وڵاتانێکی وەک ڕووسیای داگیرکەر و دژە کوردستان و ئاهەنگیان بۆ گێڕاوە. 


بۆیە ئەمە پرسیارە کە ئەمانە چ پەیوەندییان بە ژنانی کوردستانەوەیە کە خۆی قوربانی وڵاتگەڵی داگیرکەری وەک ڕووسیا و سۆڤییەت بوو لە بەرزترین ئاست. ئەیا ڕەوایە کە بۆنەی دوژمنانی کوردستان کە توانیویانە جیهانی بکەنەوە لە کوردستانیش ببێت بە بۆنە؟!


بێگومان نا!


ژنانی کوردستان دەبێ بۆنەی خۆیان بخوڵقێنن و ئەو بۆنەیە دەبێ هێز و توانا و سەرکەتن و هێزی ژنی کورد پێشان بدات نەک بەدبەختی و چارەڕەشی و سواڵکردن ماف و نان و ئاشتی. ئەمە ژنی کوردستانی دەکات بە ئۆبژە و ژنانی کوردستان نابێ ئەمە قەبووڵ بکەن. ژنانی کوردستان دەبێ هێزی سوبژەبوون و دیاریکەربوونی خۆیان پێشان بدەن و بیسەلمێنن. 


ژنی کوردستان نابێ چی دیکە بە خوێن و خەم و فرمێسک وێنا بکرێتەوە، بەڵکو بە هێز و دەسەڵات و خوڵقاندن وێنا بکرێتەوە کە ئەمە تەنیا بە ژنی جەنگاوەری کوردستانی بەدی دێت کە هەم دەتوانێ کۆبانی ڕزگار بکا، هەم شۆڕشی ژینا بخوڵقێنێ و هەم زانست و تەکنۆلۆژیا لە ئاستێکی باڵادا بئافرێنێت. 


بژی ڕۆژی ژنی کوردستان (کە هیوادارم درەنگ یان زوو ئەو ڕۆژە بە بۆنەی خوڵقاندی سەروەریی و سەربڵندی مێژوویی دیاری بکەن)


مانی ڕه‌حیمی

تعليقات