پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

چۆن زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێش قاوە کوردیەکە، ناوە کوردیەکەی درەختی قەزوان بە هەموو ئەوروپادا بڵاوبووەوە؟

 


چۆن زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێش قاوە کوردیەکە، ناوە کوردیەکەی درەختی قەزوان بە هەموو ئەوروپادا بڵاوبووەوە؟


یەکێک لە درەختە هەرە گرنگەکانی کوردستان بۆ جووتیاری کورد، داربنێشتە. ئەم دارە پێشی دەگووترێت دارەبەن، دارقەزوان، داربەنوشت و هەندێک ناوی تریش. گرنگی ئەم درەختە لەوەدایە کە دوو بەری گرنگ دەدات، قەزوان و بنێشت. وەک زۆربەمان ئاگادارین قەزوان بۆ تەزبیح، قاوەی کوردی و خواردن بە سەوزی و بە ڕەقی بەکاردێت. جگە لەوەی کە بنێشتی کوردی یەکێک لە بەرهەمە گرنگەکانە و بۆ جوین و وەک دەرمانیش بەکاردەهێنرێت. واتە هەمان درەخت دوو بەر دەدات. 


قەزوان لە باکوری کوردستان قاوەی کوردی لێ دروست دەکرێت و بەپێی هەندێک سەرچاوە و وێنەی بەرگی بەرهەمەکە، ئەم قاوەیە لە نێوان ساڵی ١٨٥٠ بۆ ١٩٣٠ گەیشتۆتە ئەوروپا و لە فەرەنسا فرۆشراوە بە ناوی Chicoree au Kurde . هەرچەندە سەرچاوەی باش لەبەردەستدا نیە سەبارەت چۆنێتی فرۆشتن و بڵاوبوونەوەی قاوەکە لە ئەوروپا جگە لەو بەرگە سەد گرامیەی بەرهەمەکە و هەندێک نووسینی کورت. بەڵام ئەوەی کە مایەی سەرنجە ناوی درەختەکە لە ئەوروپادا، گۆڕاوی وشەی darbneşt  ی کوردیە کە لە ئنگلیزیدا بە شێوەی terebinth دەردەکەوێت. سەرەتا وشەکە نزیکی زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر چووەتە ناو زمانی یۆنانیەوە و بووە بە terebinthos و دواتر لاتین terebinthus و فەرەنسی بەشێوەی  therebint و ئەمجا ئنگلیزی بەشێوەی terebinth. 


هەتاوەکو ئەمڕۆ جیهان ئاگاداری ئەم ڕاستیە نیە، لەبەر ئەوە لە هەندێک لە فەرهەنگە ڕیشەناسیەکاندا بنەچەکەی بە ئەگەری ڕیشەیەکی ناهیندۆئەوروپی و تەنانەت ئەگەری زمانی مینۆوانیش لێکدراوەتەوە. کە زمانێکی کۆنی دورگەی کریتە و تەنها دەزانرێت هەبووە و هیچ شتێکی ئەوتۆی سەبارەت نازانرێت. واتە ئەگەرەکان هیچیان بەڵگە و ڕوونکردنەوەیان نیە و تەنها بۆچوونن. کەچی سەرەڕای دانانی ئەگەری ناهیندۆئەوروپی، بێ ئەوەی لێکۆڵەران ئاگادار بن، بەشی یەکەمی ناوەکە tere- کە لە ئنگلیزیدا دەبێتە tree و کوردی dar، ڕیشەکەی لە هەموو فەرهەنگەکاندا روونکراوەتەوە و زانراوە. ئەوەی کە بووەتە ڕێگر بۆ جیهان کە لە ڕیشەی وشەی therebint بگەن، ئەو هزرە بنەچە سیاسیە دروستکراوەیە کە وایکردووە هیچ بەهایەکی ئەوتۆ بۆ گرنگی زمانی کوردی دانانرێت لە لێکۆڵینەوە لە ڕیشە و مێژووی زمانە هیندۆئەوروپیەکاندا. دەنا هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە وشەی darbneşt  ی کوردیە بووە بە terebinthos ی یۆنانی و ئەمڕۆ لە زۆر لە  زمانە ئەوروپیەکاندا بەکاردەهێنرێت. 


ئەوە تەنها قاوە کوردیەکە و ناوی داربنشێت نیە کە گەیشتۆتە ئەوروپا، بەڵکو بەڵگەی بۆماوەییی تۆوەکان ئەوە دەردەخەن کە هەندێک لەو ڕووەکانەی کە سەرەتا لە کوردستانی دێریندا دەستەمۆکراون، هەمان ئەوانەن کە براونەتە دەشتاییەکانی مێسۆپۆتامیا و هەندێکیشیان ئەوروپا. 


هەزاران بەڵگەی زمانەوانی، بۆماوەیی، شوێنەواری، مێژوویی، فەرهەنگی و هی تر، هەموویان لە پەرتووکی (مێژووی بزر و نەگێردراوەی کورد) دا کە بە زمانی ئنگلیزی و کوردی بڵاوکراوەتەوە، خراونەتە ڕوو. ئەوەش بە ئامانجی تێگەیشتنێکی زانستی لە مێژووی کورد و بنەچەی زمانەکەی، دوور لە کاریگەری سیاسی کە ئەمڕۆ  باڵیکێشاوە بە لێکۆڵینەوەکان لەسەر کورد و زمانەکەی لە ناوەندە ئەکادیمیەکانی ئەوروپادا. ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەی کە وایکردووە کورد و زمانەکەی لە دەرەوەی لێکۆڵینەوەی مێژووی دێریندا سەیربکرێن.  


ئەوەی کە ڕاستیە و بەڵگەی لە پشتەوەیە، بێ تێگەیشتن لە مێژووی کورد و بنەچەی زمانەکەی، مەحاڵە لە بنەچەی شارستانیەت و ڕیشەی زمانی هیندۆئەوروپی بگەین. 


 سۆران حەمەڕەش

تعليقات