پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

میرنشینی بۆتان هەر کاتێک باس لە مێژووی کورد دەکرێت نابێت بۆتانییەکان یاخوود بنەماڵەی بەدرخانیەکان لە بیر بکەین و باسی نەکەین ، ئه‌م میرنشینه‌ له‌ ناوچه‌ى بۆتانى باكووری كوردستان دامەزرا ، ده‌ركه‌وتنیشی بۆ كه‌سایه‌تییه‌كى كوردى به‌ ناوى (میر عه‌بدولعه‌زیز كوڕى سلێمان به‌گ كوڕى خالید به‌گ) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، كاتێك له‌ ساڵى (1286ز) ده‌سه‌ڵاتێكی خۆجێیی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆی له‌ ناوچه‌ى (بۆتان) دامه‌زراند ، گەرچی هەندێ سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ( سلێمان بەگ ) ی باوکی میر عەبدولعزیز دەمەزرێنەری ئەم میرنشینەیە لەساڵی (1262ز) ، ئەم میرنشینە کوردییە پلەیەکی بەرز و گەورەی میژووی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری کوردی بووە ، ئه‌م میرنشینه‌ش وه‌ك سه‌رجه‌م میرنشینه‌ کوردییەکانی تر پڕە له‌ هه‌وارز و نشێو و كێشمه‌كێش و قوربانی و ببونە بەرداشی نێوانیان زلهێزەکانی وه‌ك (ئێلخانى و جه‌لائیرى و ته‌یمووری و عوسمانییه‌كان) بەتایبەت عوسمانییه‌كان کە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییه‌كان لە ساڵی (1299ز) لەلایەن عوسمانی کوڕی ئۆرتغرۆل دامەزرا و بۆ ماوەی 634 ساڵ حوکم ڕانی کرد بەرکەوتەی کوردەکان وعوسمانییه‌كان بۆ یەکەم جار دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1514)ز( لەسەردەمی فەرمان ڕەوایی سوڵتان سەلیمی یەکەم کە ئەو کات عوسمانییه‌كان و سەفەوییەکان لە ململانێدا بوون ، هەر دوای جەنگی چاڵدێران بە پێی ڕێکەوتنی سوڵتانی عوسمانی و ( مەلا ئیدریسی بەدلیسی ) هۆز و میرنشینە کوردییەکان گوێڕایەڵییان بۆ خەلافەت نیشان دا ، بە مەرجی مانەوەیان لە دەسەڵات و هەندێ ئیمتیازی تر ، یەکەم کارلێکی نێوان کورد و عوسمانییه‌كان ئەرێنی بوون تا ساڵانی 1800 کان ، هێزە کوردییەکان ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە فراوانکردنی قەڵەمڕەوی عوسمانییه‌كان ، وە لە بەرامبەریشدا سوڵتانەکان لەسەرەتادا لەکاتی پێویستدا بە لێخۆشبوونی باج و هاوکاری سەربازی پاداشتی کورد دەدا ، هەروەها پێگەی نیمچە سەربەخۆیی ، کە لەلایەن عوسمانییەکانەوە پارێزراو و دانی پێدا دەنرا، سیستەمی ئۆتۆنۆمی ( مافی چارەی خۆنوسین – خۆ بەڕێوبەری ) لەلایەن میرنشینە کوردەکانەوە بەڕێوەدەبرا، کە لە باوکەوە بۆ کوڕ دەگوازرایەوە میرنشین جۆرە ڕێکخستنێکی ( ڕامیاری ، کۆمەڵایەتی ، ئابووری ، کارگێڕی ، ناوچەیی ) بوو ، نەیتوانی سەرتاسەری کوردستان بە تەواوەتی بگرێتەوە ، ڕادەی دەسەڵاتی میرەکانیش لەگەڵ یەکتریدا جیاواز بوون وەک یەک نەبوون ، پێکهاتەی ڕژێمی کارگێڕی هەر میرنشینێک جیاواز بوو لەوی تریان و بەپێی کات و شوێن و سەردەمیش گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە ، لە بەناوبانگترین ئەو میرنشینە کوردییانەی کە شوێنیان لە ناوچەکەدا و لە سەردەمی خۆیاندا و هەتا ئێستاش دیار بووە ، میرنشینی بۆتانە کە بە میرنشینی ( ئازیزانیش ) ناسراوە ، ناوی میرنشینەکە ناوی لە خێڵی بۆتانەوە هاتووە ، پایتەختی میرنشینەکەش شاری جزیرە بووە و بە ( جزیرەی بن ‌‌‌‌‌‌عومەر) یش ناسراوە ، سنووری میرنشینەکەش کەوتبووە نێوان هەردوو میرنشینی “هەکاری و بادینان” ەوە ، میرنشینی بۆتان ڕۆڵێکی گرنگی لە مێژووی ڕوناک بیری کوردیدا گێڕاوە خەباتێکی زۆری بۆ پێشخستنی زمان و ئەدەبی کوردی کردووە گەلەک زانا و ئەدیبی وەک ( مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و فەقێ تەیران و چەندانی تر...) تێدا هەڵکەوتووە و لە دواتریشدا یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لەلایەن ئەو بنەماڵە ڕۆشنبیرە بڵاو کراوەتەوە ، جگە لە ڕۆڵی گەورەی بنەماڵەی بەدرخانییەکان . کە ئەمانە بەشێکن لە میرانی میرنشینەکە : . میر عەبدولعەزيز . عێزەدین ئەبداڵ . سەيفەدين عەبدولعەزيز . مەجدەدین ئەبداڵ . عيسا مەجدەدین . شەریف بەدر . بەردەدين عیسا . شا عەلی بەدر . ئەبداڵ بەدرەدین ناسراو بە ئەبداڵ بەگی يەکەم . هەڵۆ خان * لەم میرنشینەشدا ژمارەیەکی زۆر میری بە توانا و لێهاتوو میرایەتیان کردووە و توانیویانە میرنشینەکە بپارێزن و سنوورەکەشی فراوان بکەن و لە دەست دوژمن و نەیارانیان دووری بخەنەوە ، لەوانە میر(شەرەف کوڕی میر بەدر بەگ) کە توانی سێ جار لەشکری زۆر و گەورەی شا ئیسماعیلی سەفەی تێک بشکێنێ ، ئەو کاتەی شاڵاوی بۆ میرنشینەکە هێنا. * هەروەها بۆتانییەکان لە ژێر سەرکردایەتی (شا عەلی بەگ) ساڵی (1515ز) ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە شکاندنی لەشکری سەفەوییەکان کاتێ گەمارۆی شاری ئامەد یان دابوو، دواتریش کە فراوان خوازی عوسمانییەکان گەیشتە شاری (موسڵ) ، حوکمی شارەکەیان دا بە میر (بەدربەگ کوڕی شا عەلی بەگ). * یەکێک لەو میرە بەناوبانگانەی کە لە سەرەتاکانی سەدەی حەڤدەهەم حوکمی میرنشینی بۆتانی گرتە دەست (میر شەرەف کوڕی خان ئەبدال) بوو، کە توانی دادپەروەی و هێمنی و ئاسایش لە ناوچەکە سەقامگیر بکا و بارودۆخی ئابوری خەڵک بەرز بکاتەوە ، هەروەها چەندین بینا و قوتابخانە و مزگەوتی دروست کرد لەوانە (مەدرەسا سوور) کە چەندین ژووری تایبەتی بۆ مامۆستایان و قوتابیان تێدا بوو، هەروەها چەندین مامۆستای بە توانا لە هەموو بوارەکانی زانست و هونەر وانەیان دەگوتەوە و هەڵبەستوان و هۆزانڤانی گەورەی کوردیش “مەلای جزیری” دەرچووی ئەو قوتابخانەیەیە. میر محەمەد بەدرخان گەورەترین و گرنگترین و بەناوبانگترین و بەهێزترین میری ئەم میرنشینە ( میر محەمەد ) بەگە یاخود میر بەدرخانی گەورە کوڕی میر ئەبدال خان کوڕی مستەفایە ، کە هاوکات “چلەم و دواین” میری میرنشینی بۆتان و بنەماڵەی ئازیزان بووە ، لە ساڵی (1803ز) لە ناوەندی شارۆچکەی جەزیرەی بۆتان (سیزرێ) لە دایك بووە ، ئەمڕۆ لە تورکیای مۆدێرندا دەکەوێتە پارێزگای شیرناخ ، لە نیوەی دووەمی سەددەی شازدەهەم بەهۆی ئەوە میرنشینە کوردییەکان بە تایبەت میرنشینی بۆتانی بەردەوام لە گەشەسەندن و پەرەسەندن دا بوون وە دەوڵەتی سەفەوی بەرەو لاواز بوون و نەمان دەڕۆیشت ، دەوڵەتی عوسمانی ترسی لە دوڵەتی سەفەوی نەما و سەرکەوتنی کوردەکانی لە بەرژەوەندی خۆی نەدەبینی ، بۆیە کەوتە هەوڵدان بۆ دابەزاندنی دەسەڵاتی زیاتر لە کوردستاندا ، بۆ ئەم مەبەستەش تۆوی دووبەرەکی دەخستە نێوان میرە کوردەکان لە نێو یەک میرنشیندا ، بۆیە برای بە گژ برا و کوڕی بە گژ باوکدا دەنا ، ئەمە لە میرنشینی بۆتان بە ئاشکرای بەرچاو دەکەوێت ، میر بەدرخانیش هەر لە تەمەنێکی کەمەوە درک بەو پلانە ناحەزییانەی عوسمانییەکان دەکات و ئاوات بە حوکمڕانییەکی “سەربەخۆ” دەخوازێت هەربۆیە کاتێکیش لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەسەڵات وەردەگرێت لە ساڵی (1821ز) له‌ سیاسه‌تى ده‌وڵه‌تى عوسمانى هه‌ڵدەگەڕێته‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆییبوونى ته‌واوی میرنشینەکەی خۆی ڕاگه‌یەنێت . به‌وه‌ش كۆسپی له‌به‌رده‌م پیاده‌كردنى به‌رنامه‌ داگیرکارییەکانى (سوڵتان عه‌بدولمه‌جیدى یه‌كه‌م/ 1839− 1861ز) دروست كرد، كه‌ سوڵتان هه‌وڵی دا گیانێكی نوێ بكاته‌وه‌ به‌ به‌ر ده‌وڵه‌ته‌ نه‌خۆشه‌كه‌یدا. تایبەتمەندیەکانی کەسایەتی میر بەدرخان * شێوە و جەستەی : هورمز ئەبونا دەربارەی پاشا محمد دەڵێ: چاو برۆی ڕەش و ڕیشێکی درێژی ڕەشی هەبوو سنگێکی پان و چوار شانە بوو، چاو نەترس و خاوەن غیرەت و شەهامەت بوو ، پرس و ڕاوێژێکی زۆری بەچوار دەورەکەی و کەسانی بە ئەزموون دەکرد ، هەر بۆیە خاوەنی بڕیاری یەکلای کەرەوە بوو ، کاتێکیش دەچووە مەیدانی شەڕ بەزەیی بە دوژمن نەدەهاتەوە خۆی بەشداری جەنگی دەکرد و سەری دوژمنەکانی دە.بڕی. جیا لەوانەش بە درێژایی تەمەنی نەخۆش نەکەوتووە و تەنها یەك جار نەخۆش بوو، کە ئەوەیش نەخۆشی ژانەسك بووە کە بووە هۆی مردنی ، و هەروەها میر بەدرخان کەسێکی وەرزشوان و تەندروست بووە و ڕۆژانە دوو کاتژمێر لە دوای نێوەڕۆان خۆی بە داربڕین شکاندنەوە سەقإڵ کردووە ، و هەمیشە لە هەر چوار وەرزی ساڵ بە ئاوی سارد خۆی شوردووە و دەست نۆێژی گرتووە ومەلەی کردووە. * حەز و خولیایی : میر بەدرخان ئارەزووی زۆری لە وەرزشی زۆرانبازی بووە ، و لە سەر کوڕەکانی کرد بووە بە بەرنامە بۆ زۆرانبازی کردن ، و خۆی سەرپەرشتی چالاکی زۆرانبازانی کردووە و دیاری ئەبەخشیە سەرکەوتووانی زۆرانبازییەکە ، و هەروەها یاریزانیەکی زۆر باشی یاری شەنرەنج بووە و زۆر ئارەزووی لە سوارچاکی بووە و سوارچاکێکی مەزن بووە. * نیشتیمان پەروەری : هەر لەمنداڵیەوە خولیای فراوانخوازی میرنشینەکەی هەبووە دواتر هەوڵی درووستکردنی دەوڵەتێکی کوردی داوە و میرێکی زۆر نیشتمانپەروەر بووە و ویستی میرنشینی بۆتان بکاتە ناوکی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان و کوردستانی گەورە لە ژێر چنگی داگیرکاری دەوڵەتی عوسمانییەکان و دەوڵەتی قاجارییەکانی ئێران ڕزگار بکات و یەکیبخات و دەوڵەتی کوردستانێ گەورەی سەربەخۆ بنیات بنێت . گرنگترین کارەکانی میر بەدرخان 1. جیاوازیى چینایه‌تى و ڕه‌گه‌زایه‌تى و ئایینیی كه‌م كرده‌وه‌ : میر پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەرمەنییەکان هەبوو، بڕیاری دابوو هەر کەسێک ژیانی هاوبەش لەگەڵ کچێکی ئەرمەنی پێکبهێنێت هاوکاری بکات. تەنانەت گەنجانی ئەرمەنیش لە ناو هێزە سەربازییەکانیدا بەشدار بوون و هێزێکی باشیان پێکهێنا بوو. چەندین ڕاوێژکاری ئەرمەنی وەک “دومیستیهان مانکۆلییان ، ئوجانسی شاڵکترین و میرمارتۆ” لە ناو هێزەکانیدا و دەوروبەری خۆیدا هەبوون . 2. باجه‌كانى له‌سه‌ر كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك سووك كرد و باجى له‌سه‌ر به‌روبوومى كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارى كه‌م كرده‌وه‌ : زەوی بە نرخێکی هەرزان دەدا بە جووتیاران ، تەنها ڕێژەی سێ لە سەدی داهاتەکەیاندەدا بە میر بەدرخان ، کە ئەویش بۆ کار و بارت دەوڵەت خەرجی دەکرد ، ئاستی ئەم داهاتەش کە دەدرا بە میر زۆر لەو داهاتەی کە دەوڵەتی عوسمانی لە جووتیارانی وەردەگرت کەمتر بوو. هەروەها هاوکاری ماددی ئەو بنەماڵانەی دەکرد کە دەستکورت و کەم داهات بوون ، هەر بۆیەش خەڵکی کوردستان میر بەدرخانیان خۆشدەویست و لەم بارەیەوە دوو گەڕیدەی ئینگلیز باس لەوە دەکەن کە بەشێکی خەڵکی و سەرجەم سەرۆک عەشیرەتەکان دیاریان پێشکەش بە میری گەورە دەکرد . 3. خەڵکی هاندەدا بۆ فێربوونی زانست و خوێندەواری : بۆ خۆ پێگەیاندنی منداڵانی کورد هەوڵێکی زۆری دەدا ، دەوترێ جارێک “میر بەدرخان” سەردانی یەکێک لە قوتابخانەکان دەکات و بە مامۆستاکەیان دەڵێت “هەر مناڵیک لاپەڕەیەکی بە بێ هەڵە بخوێنێتەوە ، پاشایەتی پێ دەبەخشم”. لێرەدا دەردەکەوێ مەبەستی میر ئەوە بووە هانیان بدا باشتر بیخوێنن و بۆ داهاتووی کوردستان ڕۆشنتربێت . هەروەها هەوڵێکی زۆری داوە تا کەسانی خوێنەر بۆ ئەوەی ببنە پسپۆر و فێری زانیاری مۆدێڕن ببن ، بەرەو یوروپای دەناردن ، تا خزمەتێکی گەورە بە نەتەوەی کورد بکەن . 4. بەرقەرار کردنی هێمنی ئاسایشی : لە ژێر فەرمانڕەوایەتی ئەودا ، ئاسایش لە بۆتان بە جۆرێک بوو کە چەتەکان نەمان و کاروانەکان دەیانتوانی بە سەلامەتی بە خاکەکەیدا تێپەڕ ببن بەهۆی ئەوەی ڕێگای بازرگانی بەغداد ، موسڵ ، ئامەد ، ئەستەمبووڵ بە سنووری ئەم میرنشینەدا تێدەپەڕی ، هەر کەسێکیش تاوانێکی ئەنجام بدایە بە تووندی سزای دەدا و هەر کەسیش دزی کردایە دەستی دەبڕی ، لە سزادانی تاوان کاران هێندە تووند بووە تەنانەت کەسێک وەکوو دز و گەندەڵ لە سنووری دەسەڵاتیدا دیار نەبووە و ئەم ناوچەیە ئاسایشێکی گشتگیری بە خۆیەوە بینیبوو . 5. سكه‌ى پاره‌ى لێ دا، تا بۆ بازاڕه‌كانى سنوورى ده‌سه‌ڵاتى مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ بكرێت : دراویشی بە ناوی خۆی دروست کردبوو، لە لایەکی ئەم دراوەکە نووسیبووی “میری بۆتان بەدرخان” و لە لای دیکە نووسیبووی 1258ی کۆچی . 6. دادپەروەری لە بڕیاردان بەبێ جیاوازی لە ئاین وڕەگەز : لە کاتی دەسەڵاتی میر بەدرخاندا دادپەروەری و بەرامبەرییەکی باش هەبوو، تەنانەت هیچ دەرفەتێکی بۆ دز و گەندەڵ نەهێشتبۆیەوە تا لە حوکمەتەکەیا کار بکەن ، لە بارەی یەکسانی و دادپەروەری میر بەدرخان ، “جەلادەت بەدرخانی کوڕی دەڵێت” لە جەزیرەی بۆتان ڕووبارێک هەبوو ناوی “چەم جەهوو” یان ڕووباری لە نزیک “ئبن عومەر” بووە. یەههوودییەکان بۆ ڕێوڕەسمی مەزهەبی خۆیان و بۆ بە جێهێنانی پەرستشەکانی خۆیان دەچوونە سەر ئەم ڕووبارە ، موسوڵمانەکانیش دەچوون ڕێیان لێ دەگرتن و دژایەتییان دەکردن ، ڕۆژێک “حاخام”ی یەهوودییەکان دەچێتە لای “میر بەدرخان” سکاڵا دەکات و بە دەست ئاماژە دەکات بۆ شوێنەکە ، بەڵام ناوی ئەم شوێنە ناهێنێت ، میر پرسیار دەکات ئەو شوێنە کوێیە ؟ بەڵام “حاخامی” یەهوودییەکان دیسان بە دەست ئاماژە دەکات ، لەو کاتەدا “میر” پێ دەکەنێ و بڕیار دەدات : ناوی ئەم شوێنە “چەم جەهوو” تایبەت بکات بە یەهوودییەکان و نابێ هیچ موسڵمانێک بچێتە ئەم شوێنە و دەستێوەردان لەم شوێنە بکات”. 7. كارگه‌ى دروستكردنى چه‌ك و بارووتى له‌ شارى جه‌زیره‌ دامه‌زراند : بۆ ئەوەی نەتەوەکەی سەربەخۆ بێت و پێویستی بە یارمەتی هیچ لایەنێک نەبێت ، دوو کارگەی بەرهەمهێنانی چەک و بارووت لە شاری جەزیرە دروست کرد. بێجگە کارگەی چەک ، چه‌ند كارگه‌یه‌كى بچووكى بۆ پێداویستیى ناوماڵ دروست كرد. 8. دامەزراندنی سوپایەکی پڕ چەک : جیاواز له‌وانه‌ش سوپایه‌كى ڕێکخراوى دامه‌زراند ، تا به‌ شێوه‌ و ته‌كتیكی سه‌ربازیی سه‌رده‌م ڕووبه‌ڕووی هه‌ر هێرشێك بێته‌وه‌ ، كه‌ ده‌بنه‌ مه‌ترسی بۆ میرنشینه‌كه‌. له‌م بواره‌شدا : (نورڵا به‌گ)ى بۆ سه‌ركرده‌ى هێزه‌كانى خۆرهه‌ڵات (مه‌حموود خانى موكوس)ى بۆ سه‌ركرده‌ى هێزه‌كانى ناوه‌ند (یه‌زدان شێر)ى سه‌ركرده‌ى هێزه‌كانى خۆرئاوا دیار كرد . هه‌روه‌ها به‌و سوپایه‌ش هه‌وڵى سه‌قامگیریی سنووری ده‌سه‌ڵاتی دا و سنوورى ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر زۆربه‌ى ناوچه‌كانى (بۆتان و هه‌كارى و جه‌زیره‌) دا فراوان كرد و لە دوایشدا جەنگی سوپاکەی میر بەشداری لە جەنگی ( نەیزەب ) دا کرد . جەنگی نەیزەب لە جەنگی ( نه‌یزه‌ب ) دا به‌ هاوكاریى (ئیبراهیم پاشاى كوڕى موحه‌ممه‌د عه‌لى پاشا) زۆر به‌ سه‌ختى سوپاى عوسمانییه‌كانى لە میسر تێشكاند ، ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش سه‌رۆك هۆزه‌ كورده‌كانى هه‌رێمه‌كانى (فارس و موكریان)ی هان دا تا له‌ میرى بۆتان نزیك ببنه‌وه‌ ، دواتر مییری گەورە دۆستایه‌تى ئه‌رمه‌نی و ئاسووری و كلدانییه‌كانیشى قبووڵ كرد ، به‌دوایدا ئازادیى بیروڕاى ئایینی لە مییرنشینەکەدا بڵاو بۆیەوە‌ . پەیمانی پیرۆز کاتێک کە سووپای عوسمانی سەرقاڵی جەنگکردن لەگەڵ دەوڵەتی میسر بوو، میر ئەم هەلەی بە دەرفەتێکی باش زانی و پەرەی بە ڕزگارکردنی ناوچەکانی کوردستاندا ، لە مووکریانەوە تاکوو بۆتانی ڕزگار کرد ، لە ساڵی 1835دا بارودۆخی سەربازی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەهێز دەکات ، هێدی هێدی خۆی بۆ دەوڵەتێکی کوردی ڕێکدەخات ، جەزیرەی بۆتان وەکو پایتەختی کوردستان ڕادەگەیێنێت ، لە ساڵی 1839 ئەوەی میر بەدرخان لەو کاتەدا ئەنجامی دەدات پێچەوانەی سەرکردە مێژووییەکانی کورد ئەوەیە ، کە دەیەوێت هەڵەکانی پێشتر دووبارە نەکاتەوە بۆ ئەو مەبەستەش ( پەیمانی پیرۆز ) لە ( وان ، بۆتان ، هەکاری ، موش ، خێزان ، سەعرەد ، قارس ، موسڵ ، میرنشینی ئەردەڵان ) ڕادەگەیەنێت ، داوا لە میرەکانی کوردستان دەکات یەک بگرن و دژایەتی یەکتر نەکەن لە پێناو ئامانجە نیشتیمانییەکان لێدان لە عوسمانییەکان : لە هەرێمی وان “مەحموود خان” لە هەرێمی هەکاری “نووڕوڵڵا و فەتاح بەگ” “خالید بەگ” سەرۆکی “هیزان” لە هەرێمی مووش “شەریف بەگ” لە قەرس و ئاجار “حوسەین بەگی کوێر” میری هەرێمی ئەردەڵان شێخ محەممەدی مووسڵی شێخ یووسف زاخۆیی وەکو زانا بەشداریان لە هاوپەیمانێتی میرەکان کرد. ئەوان دەستیان کرد بەهێزکردنی قەڵاکانی کوردستان و بۆ پاراستنی دەوڵەتی کوردی پێکەوە سوێندیان خوارد. زۆرێک لە مێژوونووسان و لێکۆڵەرەکان “میر بەدرخان” وەک “باوکی بزووتنەوەی کورد” و هەندێکیش بە “سەرکردەیی مەزنی سەربازی” پێناسە دەکەن. لە ساڵی 1847دا دەوڵەتی عوسمانی بە مەبەستی لەناوبردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ، بە ئامادەکردنی هێزێکی گەورە کە “سوڵتان” ئامادەی کردبوو، پێکهاتبوو لە 30 هه‌زار سەرباز، 15 هه‌زار کرێگیراو و ٤٠ تۆپ”، هێرشی کردە سەر سووپای کوردان لە دەڤەری ورمێ و جەنگێکی گەورە ڕوویدا. بەڵام سووپای عوسمانی سەر نەکەوت و لە چەندین لایەوە تووشی شکست هات ، چەندین تۆپ و چەکی سووپای عوسمانیش کەوتە دەستی سووپای کوردان ، دوایی ئەم شەڕە میر “بەدرخان” بڕیارێکی گرینگیدا کە لە بۆتانەوە هەتا وان ، مهاباد ، ڕەواندوز ، مووسل ، پیرانشار، سۆرەک ، ئامەد ، شنۆ، سێرت ، سینجار، ئاشنا و ئورمییەی خستە بن دەسەڵاتی دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی کوردستانی ڕاگەیاند . ئاوابوونی خۆری میرنشینی بۆتان لە دوای سه‌ركه‌وتنی بەدرخانییەکان له‌ شه‌ڕى (نه‌یزەب) ده‌وڵه‌ت و سوڵتانى عوسمانییان ته‌واو هەراسان كرد ، بۆیه سوڵتانی عوسمانی‌ سه‌ره‌تا داوایان له‌ ده‌وڵه‌تانى ڕووسیا و به‌ریتانیا كرد داوا له‌ ئاسوورى و كلدانی و مه‌سیحییه‌كان بكه‌ن ، كه‌مته‌رخه‌مى له‌ باجدان بۆ ئه‌م میره‌ كورده‌ بكه‌ن ، دواتر ڕووسەکان کلدانی ئاشوورییەکان لە بەدرخانییەکان هان دەدەن پشێوی لە دەسەڵاتەکایدا درووست دەکەن ، هەر بۆێە بەدرخان بە ڕۆڵی لە کۆمەڵکوژییەکانی مەسیحییە ئاشوورییەکان لە هەکاری لە ساڵانی ١٨٤٣ و ١٨٤٦ ناسراوە ، کە بووە هۆی مردنی زیاتر لە ١٠ هەزار ئاشووری و دیلکردنی هەزاران کەسی دیکە ، ئەمەش بیانوویەکی باش بوو تا بەریتانیا و فەڕانسا هاوکاری سەربازی عوسمانییەکان بکەن لە دژی میرنشینی بۆتان . یەکێکی تر لەو کەسایەتیانەی کە دژی میر بەدرخان وەستایەوە سەعید بەگ بوو ، لە پێشترا ناکۆکی هەبو لەگەڵ میری گەورەدا و تەنانەت “سەعید بەگ” بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی هاوکاری میر بەدرخانی نەکردبوو. لەدوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەسەڵاتدارانی عوسمانییەکان بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی کوردی چەندین ڕێگایان هەڵبژارد ، یەکه‌م ڕێگاش ویستیان بە فێڵ دانوستاندن بکەن، ئەوان لە ڕێگای “مەلا مەحموود بایەزید”وە لە شاری “ئەرزڕووم” دانوستاندنیان لەگەڵ “میر بەدرخان” کرد، بەڵام هەر زوو دوای دانوستاندن هێرشیان کردە سەر جەزیرەی بۆتان و دەرکەوت کە ئەم دانوستاندنە تەنیا بۆ خۆ بەهێزکردنە ، بەڵام لەم هێرشەشدا سەرکەوتوو نەبوون . بە هەر نرخێک بوو دەوڵەتی عوسمانی توانی هەندێ لە سەرکردەکانی کورد لەوان “یەزدان شێر” ئامۆزای میر بەدرخان و سەرکردەی هێزێکی سەربازی دەوڵەتی کوردی لە لای خۆیەوە ڕابکێشێ و “یەزدان شێر”یش بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ عوسمانییەکان شاری جەزیرە بۆتان پایتەختی کوردستانی ڕادەستی عوسمانییەکان کرد ئەویش بە هۆکاری ئەوەی ( سەعید بەگ ) خاڵەی یەزدان شێر بوو ، ئەم خیانەتەش بوو بە هۆی دابەزینی ورەی سوپای کورد لە جەزیرەی بۆتان ، کارگەی چەک و تەقەمەنی لێ بوو. ‌‌‌‌‌‌‌بەم شێوە دوای بەرگریێکی کەم شاری جەزیرە کەوتە دەستی هێزەکانی عوسمانی و “میر بەدرخان” بە هێزیکی گەورە بەرەو قەڵای “کارۆخ”‌‌‌‌‌‌‌‌ چوو و لەوێش دوای ماوەیێکی زۆر شەڕ و پێکدادان، لە 12-8-1847دا میر خۆی ڕادەستی عوسمانییان کرد. دوای داگیرکردن و لە ناوبردنی دەوڵەتی کوردی بە سەرکردایەتیی “میر بەدرخان” لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە ، هێزی عوسمانییەکان کاولکارییەکی زۆریان لە کوردستان بە دوای خۆیاندا بە جێهێشت ، سەدان کەسیان کوشت و زۆربەی خەڵکی کوردستانی لە زێدی خۆی دوور خسته‌وه‌ و، هەروەها دەستیان بەسەر زەوی خەڵکدا گرت و ئەو زەوییانەی بە نرخێکی هەرزان بە بیانییەکان دەفرۆشت. “میر بەدرخان” سەرکردەی قارمانی کورد دوای ئەوەی چەندین جار لە شاری ئه‌سته‌نبوڵ دادگاییان کرد لە لایەن عوسمانییەکانەوە بۆ دوورگەی “کریت”ی یوونان دوو خرایه‌وه‌ و دواجار لە ساڵی 1858، سوڵتانی عوسمانی ( سوڵتان عەبدولمەجیدی دوووەم ) بڕیاری لێبوردنی بەدرخانیدا. میر بەدرخان دوای ماوەیەک لە ئه‌سته‌نبوڵ ژیا، دواتر بەرەو “شام” ڕۆیشت و دواتر چووە بۆ شاری دیمەشق ، لەوێ ژیا تا ساڵی (1867ز) لە تەمەنی (64) ساڵی دا بە هۆی نەخۆشی ژانەشك ،کۆچی دوایی کردووە ، و لە مزگەوتی بەنی ئەمەویی گەورە لە نزیك گۆڕی سوڵتان سەحەڵاددین ئەیوبی (1171_1193ز) ئەسپەردەی خاك کراوە ، میر بەدرخان کۆچی دوایی کرد، بەڵام نەوەیەکی بە پەروەردەی باش بە دوای خۆیدا بە جێهێشت ، ناوی ناوچەی بۆتان وەکوو ناوچەیەکی نیشتمان پەروەر و کورد پەروەر لە ناو مێژووی کورد تۆمار کرد. میر بەدرخان و بنەماڵەکەی هاوکاری و خزمەتێکی زۆریان لە بواری فەرهەنگ، مێژوو، وێژە و زمانی کوردیدا کردووە ، کاریگەریی خزمه‌تی بنەماڵەی بەدرخانییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان دیارە.

تعليقات