پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

تورک چی لە باشوری کوردستان دەوێت ؟

تورک چی لە باشوری کوردستان دەوێت ؟ نوسینی : سۆران حەمە ڕەش ئاشکرایە تورک ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو باشور دێت و خاکی باشور داگیردەکات. بەڵام لەملاولا هەندێک دەیانەوێت بەهانە بۆ هاتنیان بهێننەوە. من نامەوێت ئەم بابەتە ورد بکەمەوە لەبەر ئەوەی کە بابەتەکە ڕوونە. بەڵام پەنا بۆ مێژوو دەبەم لەبەر هۆکاری ئەوەی کە ئامانجی سەرەکی نووسینی مێژوو، وانە وەرگرتنە. لە هەزار ساڵی ڕابردوودا خێڵە تورکیەکان ئەم دەوڵەتە کوردیانەی خوارەوەیان لەناوبردووە: ئیمپراتۆریەتی ئەیوبی دەوڵەتی ڕەوادی دەوڵەتی شەدادی دەوڵەتی حەسنەوی دەوڵەتی هەیاری (عەنازی/عەیاری) دەوڵەتی مەروانی/دۆستەکی دەوڵەتی هەزەبانی میرنشینی بەدرخان میرنشینی بابان میرنشینی سۆران کوردستانی سور لە ڕاستیدا دەیان میرنشینی تری کوردی لەلایەن تورکەوە ڕوخێنراون. زۆر کەس بە هەڵە لە کورد تێگەیشتوون لە سەردەمی ئیسلامدا. عەرەب هەرگیز نەیتوانیوە کورد لاواز بکات، ئەوە لە چاکی خۆیان نەبووە، بەڵکو توانای ئەوەیان نەبووە. سەرەتای لاوازکردنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەگەڵ هاتنی خێڵە تورکیەکاندا ڕوویداوە. لە سەدەی دەیەمی زاینیەوە و لەگەڵ هاتنی خێڵە تورکیە دڕندەکاندا، دەسەڵاتی کوردی یان ڕووخێنراوە یان زۆر لاواز کراوە و هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەوە بەردەوامە. ئەوەی تورک کردوویەتی بەرامبەر بە کورد، فارس و عەرەب ئەو توانایەیان لە وێرانکردن و لاوازکردنی کورد دا نەبووە. تورک نەتەوەیەکی نامۆیە بەم ناوچەیە و بەهۆی ئەو پێشینە مێژووەییە جەنگیەوە، زیاتر ئەهلی کوشتارە وەک لە شارستانیەت. بەڵام لە هەوڵی مانەوە و داگیرکاریدا، توانایەکی تایبەتیان هەیە و هەرگیز ماندوو نابن. ئەوان ئاگادار بوون کە سەردەمانێک باشور بوو بوو بە بنکە بۆ بەشەکانی تری کوردستان. ئەوەش وایکردبوو، خەریک بوو تورک لە خاکی خۆیدا بەرگری دەکرد، بەڵام لەم چەند ساڵەدا یاریەکەیان بە تەواوی گۆڕیوە. جەنگ و بەربەرەکانیەکەیان لە ناو خاکی خۆیان لەم دەساڵەدا کپ کرد و شەڕەکەیان هێناوەتە ئێرە و لە هەوڵی لاوازکردن و دواتر لەناوبردنی بنکە کوردیەکاندان. جگە لەوە لە ڕووی هزریەوە کاریان کردووە و ئامانج و بیر و بڕوای کوردی باشوریان لەڕێگای میدیا و خوێندگە تورکیەکان و چەندین ڕێگەی ترەوە گۆڕیوە. بەشێوەیەک کە بۆ خەڵکی باشور، بابەتی تەنورەی مۆدێلێک یان جنێوی ناشرینی تیتۆکەوانێک ببێتە بابەتی گەرم وەک لە داگیرکاریەکانی تورک. ئەوەی ئەمڕۆ تورک دەیکات، بیست ساڵ لەمەوبەر بیکردایە، شەقامی باشور دەجوڵا، بەڵام ئەمڕۆ شەقامەکە لە چەندین ڕێگەی جیاوازەوە لە تورکیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە. گەر کۆنتڕۆڵ نەکرایە، ئایا نەتەوە هەیە لە جیهاندا سەربازی دوژمنەکەی خاکەکەی داگیر بکات و ئێواران زوو بڕواتە ماڵەوە، بەرامبەر ئەڵقەی نەتەوە داگیرکەرەکەی دابنیشێت کە ژەهراوی کراون بە پتەورکردنی داگیرکەری. ئایا دەکرێت دوژمنەکەت خاکەکەت داگیر بکات، بەڵام پارە بدەیت منداڵەکەت بخەیتە خوێندنگە تورکیەکانەوە بۆ ئەوەی کە منداڵەکەت هەر لەو تەمەنەوە بە مەزنی درۆینەی تورک و داماوی درۆینەی کورد گۆش بکرێت. تورک لە نەوەدەکاندا تەنها چەند بنکەیەکی بچووکی هەبوو لە باشور، ئەمڕۆ بنکەکانیان ڕۆژبەڕۆژ فراوان دەکەن و لە هەمان کاتدا بەرژەوەندی ژمارەیەک خەڵکی کاریگەریان لە باشور، بە خۆیانەوە گرێداوە. بەو جۆرە هەموو ئاگادارن کە تورکیا خاکەکە داگیر دەکات، بەڵام هەموو بێدەنگیان هەڵبژاردووە. ئەوەی کە مایەی شەرمەزاریە، یەک ئەندام پەرلەمان بەرامبەر ئەم داگیرکاریە ورتەیان لێوە نایەت. جا بە کورتی، گەر بە تەمابین جیهان داکۆکیمان لێبکەن ئەوە خەیاڵپڵاوێکی گەورەیە و ئەوەی کە دەبێت ئەوە بکات هەر کورد خۆیەتی. ئەوەی کە کۆبانی ڕزگار کرد هاوکاری جیهان نەبوو، بەڵکو پێش هاوکاری جیهان، ئەو هیوا گەورەیەی خەڵکی داکۆکیکەری کۆبانی بوو کە وای لە جیهان کرد داکۆکی لە کۆبانی بکات. تورکیا دەتوانرێت لەلایەن خەڵکی باشورەوە دەربکرێن، بەڵام دەبێت پێش ئەوە لەو کۆتە هزریە ڕزگارمان ببێت کە ڕێگرە لەوەی کە دەرک بە داگیرکاری و تەعەداکردنی تورک بکەین. جا ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە تورک چی لە باشور دەوێت. ئەوان لە باشور و لە ڕۆژئاوای کوردستان خەریکی داگیرکاری و لەناوبردنی بنکەی بوونی کوردن. جا پێش ئەوەی کە بەهێز لەگەڵیاندا بجەنگین، دەبێت لە ڕووی هزریەوە خۆمان بگۆڕین، دەبێت هەموو شتێکی تورکی ڕەتبکەینەوە، لەفەرهەنگ و لە خۆراک و لە کاریگەریان، ئەوانە هەموویان گەورەترین کاریگەریان هەیە لەسەر پتەوکردنی داگیراکاری و قبوڵکردنی ئەو تەعەدایە. دەبێت گەورە و بچووک تێبگەن کە ژیان لە ژێر سایەی تورکدا، کۆیلەییە. گەر لەم داگیرکەریە بە ئاگا نەیەینەوە، ئەوە داهاتوومان زۆر تاریکە. تێبینی: هەندێک بەڕێز دەڵێن چی بکەین وەک سەرەتا؟ بە بۆچوونی من سادەترین کردار کەبکرێت، دانانی وێنە یان بە هەر شتێکە دژی داگیرکاری تورک. دەبێت ئەم داگیرکاریە بکرێتە زەنگی مەترسی نەک ڕووداوی ئاسایی. با هەر هیچ نەبێت، هەر هێندەی مردنی ڕەئیسی و شەڕی غەزە لە ناوماندا بایەخی پێ بدرێت. با هەوڵی ڕێکخستنی خۆپیشاندان بدرێت، ئەم بێدەنگیە شەرمەزاریە بۆ هەموومان!

تعليقات