پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

ئاسمیلە کردنی کوردانی باکور سەرەتا : چەمکی ئاسمیلە بە واتای توانەوەی گەلێگی لاواز و بچوکتر لە ناو گەلێکی بەتوانا و بەهێز تر دێت ، لە پڕۆسەی ئاسمیلەدا گەلێکی زاڵ گەلێکی لاوازتر لە خۆی قوتدەدات و لەخۆیدا دەیتوێنێتەوە و لە ئاکامدا تاکەکانی گەلی ئاسمیلە کراو شوناسی خۆیان لە دەستدەدەن و لەبیری دەکەن ، تاکی ئاسمیلە کراو لە بری ئەوەی شانازی بە شوناسی خۆی بکات شانازی بە شوناس و شاعیر و کەسایەتی و مێژووی داگیر دەکات ، کەواتە گەلێک کە هۆشیار نەبێت لەناو گەلێکی خاوەن دەسەڵات دەتوێتەوە و لەناو دەچێت . شوناسی نەتەوەیی بریتییە لە کۆمەڵێک کردار و تایبەتمەندیی مێژوویی و کەلتووری و زمان و جوگرافی کە نەتەوەکان لە یەک جیا دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا ئەندامانی نەتەوەیەک پێکەوە گرێ دەدات . شوناس : دەرونناسانیی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناســان لە ســەر ئەو باوەڕەن هەستی شوناس بەهۆی پەیوەندیی دوولایەنە لە نێوان تاک و کۆمەڵدا پێک دێت. لە راستیدا کەسایەتی ، بە شــێوازی کۆمەڵایەتی و بێ ناوەندگیری لە قۆناغگەلی جیــاوازی کۆمەڵایەتیبووندا قاڵب ناگرێت. کاتێک کە تاک نەتوانێ شوناســی تایبەت بە خۆی لە باری تاکەکەســیەوە پێک بێنێت ، لە بــاری دەروونییــەوە خەســاری مەزنی بۆ تاکی خۆی دەبێت و بەشــێکی مەزن لە کێشە کۆمەڵایەتییــەکان لە کۆمەڵدا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوون و پێکنەهاتنی ، بەڵام کاتێک کە شوناســی نەتەوەیی پێــک نەیەت کۆمەڵگا بە گشــتی زیان دەبینێ و جیاواز لە کێشــەی کۆمەڵایەتی نەتەوەیەک بە گشتی بەرەو فەوتان و لــە ناوچوون و توانەوە لە ناو نەتەوەی دیکەدا پاڵ پێوە دەنێت کە ئەم هەســتە بۆ لانی کەم بە درێژایی سەدان ساڵ لە ناو نەتەوەی تواوەدا بەدی دەکرێت و بە درێژایی تەمەنی چەندین نەوە هەســت بە چووکتر بوون لە نەتەوەی باڵادەســتدا دەکرێت و ئەم گرێ دەروونییە لە ناو پێکهاتەی نەتەوەی بێ شوناســدا ، سەدان ساڵ دەمێنێتەوە و تاک بە تاکی ئەندامانی باجی ئەم خۆ بەکەمزانین و توانەوەیە دەبینن . ئاسمیلە کردنی کوردانی باکوور : لــە ســەدەی نۆزدەیەمدا کۆلۆنالیزم (داگیرکاری) پێی نایە قۆناغێکی نوێ و هەمەلایەنەتر. دەرهێنانی کانزاکانی نەتەوەی ژێردەست زیاتر پەرەی سەند ، بازرگانی گرنگی زیاتری پەیدا کرد ، دامودەزگای حکومەتی بە شــێوازێکی بەرفراوانتر خۆیان بەســەر خەڵکانی ژێردەستدا سەپاند و قوتابخانە و پەروەردە و فێرکردنی فەرمی و بە زمانی نەتەوەی باڵادەست بە فەرمی دامەزرا ، لە ســەرەتا بۆ بلیمەتەکان بوو پاشــان دەرگاکانی بە ڕووی تەواوی خەڵکدا کرایەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاسـت و ئەو وڵاتانەی کە ئاخی کوردستانیان داگیر کردووە ، ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و هاوکات لەگەڵ بەتاڵان بردنی هێز و ووزە و سامانە سروشتییەکانی ئێمە و کۆمەڵکوژی خەڵک ، هەوڵ بۆ سڕینەوەی بەیەکجاری و تواندنەوەی نەتەوەی ژێردەست بە دامەزرانی قوتابخانــە و پاشــان هاتنە ئارای ڕاگەیاندنە گشتییەکان گەیشتە لووتکەی خۆی . هەوڵەکانی داگیرکەری تورک بۆ ئاسمیلەکردنی کورد لە باکوری کوردستان هەر دوای ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیای نوێ بەدیکرا بە تایبەت لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک ەوە کە هەر زوو کۆسپی خستە بەردەم داواو خواستی کوردەکان لە پەیمان نامەی سیڤەر ، دواتریش بەرپەرچی شۆڕشەکانی پیران و دەرسیمی دایەوە و بە توندی دژی وەستانەوە ، حوکمەتی تورکیا کە لەسەر بناغەیەکی فاشیستی دامەزرابوو هەر لە دوای دامرکاندنەوەی شۆڕشی دێرسیم و لە ناو بردنی سەرکردەکانی و ئاوارەکردن و تاڵان کردنی موڵک و ماڵی کوردان ، ئەوە نەبێت بەمانەوە کۆتای بە کردار و ڕەفتارە دڕندانەکەی خۆی هێنابێت ، بەڵکو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر لە جاران هەوڵی تواندنەوە و نەهێشتنی کوردی دەدا و بۆ ئەم مەبەستەش بودجەیەکی زۆری ساڵانەی تەرخان کردبوو نەک بۆ ئاوەدان کردنەوەی وڵات بەڵکوو چەکێکی زۆریان پێکڕی ، گەرچی بەشداری لە دووەمین جەنگی جیھانی نەکرد بەڵام دەیویست سوپایەکی پڕچەک و بەهێز و هەمیشەیی هەبێت بۆ ئەوەی لەکاتی پێویستیدا ئاواتەکانی بەدی بهێنێت کە بریتیبوو لە بیری تورانیزم و قەڵەم ڕەوییەک هاوشێوەی دەسەڵاتی عوسمانی کە هەریەکە لە کوردستانی گەورە و تورکستان و تورکیای ئێستا بخەنەوە ژێر ڕکێفی خۆیان ، بەڵام بارودۆخی جیهانی و جەنگی جیهانی دەرفەتێک نەبوو بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی ، گەرچی لەنگەرێکی گرتبوو لە نێوان بەرەی فاشیزم ( ئەڵمانیا و ئیتاڵیا ... ) لەوە لاشەوە بەرەی تەوەر ( ئەمەریکا و بەریتانیا و سوڤییەت ... ) ، خۆ ئەگەر بەرەی یەکەم سەربکەوتنایە ئەوا ڕەنگە ببوایە پارسەنگی ئەو بەریە کە لە پێشتریشا لە جەنگی جیهانی یەکەم هاوپەیمان بوون ، بۆ ئەوەی تۆڵەی هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بکاتەوە و دەست بگرێتەوە بەسەر ئەو ناوچانەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە پێشتر داگیری کردبوون ، تەنانەت لە گەرمەی شەڕی دووەمی جیهانیدا لە ئێستگەی ڕادوێی ئەنقەرەوە زۆر بە توندی ڕوماڵی هەواڵەکانیان دەکرد و بە ئاشکرا قسەکانیان بۆنی ئەوەی لێ ئەهات کە خوازیاری سەرکەوتنی نازییە فاشیستەکان دەکەن ، چونکە ئەمانیش بناغەی دەوڵەتەکەیان لەسەر تیۆری ئەوان دامەزراندبوو ، کە جەنگیش کۆتایی هات و وڵاتانی تەوەر بونە براوەی جەنگ ، حوکمەتی تورک هیچ چاری نەما و ناچار ڕووی بەرژەوەندی کردە ڕۆژئاوا . لەدوای جەنگی جیهانی دووەم سەرەڕای ئەوەی تورکیا بەشداری لە جەنگ نەکردبوو و توشی هیچ ماڵوێرانییەک نەببوو ، بەڵام توشی قەیرانێکی دارای و ئابوری سەخت ببوو کە حوکمەت باجی لەسەر هەموو شتێک دانابوو ، خەڵکی تورکیا و بە تایبەت کوردانی باکور لە دۆخێکی زۆر دژوار و نالەباردا دەژیان حوکمەتیش ئەوەی هەیبوو لە بری پڕۆژەی ئاوەدانی و پیشەسازی ، لە چەک و سوپادا خەرجی دەکرد و هێشتان تامەزرۆی ئەوە بوو کە بە دەوڵەتێکی گەورە و زلهێز وەک ڕابوردووی پەسن بکرێت ، لەو سەردەمەشدا حوکمەتی دڕندەی تورکیا زۆر مکوڕبوو لەوەی کە هیچ ڕۆژنامەنوسێکی بیانی هەواڵی بارودۆخی نا هەمواری کوردانی ئەو پارچەیە بزانرێت ، کوردان لەو کاتەدا زیاتر لە هەر گەلێکی غەیری تورکی ناو گەلانی تورکیا لە ژێر ئاشکەنجە و ئازاری جەندرمە تورکییەکان دا بوون ، لە دوای نشستی شۆڕشی دەرسیم چەندین کۆسپ هاتەبەردەم کوردان تا نەتوانن شۆڕشێکی تر ئەنجام بدەن یا پەیوەند ببەستن لەگەڵ کوردانی پارچەکانی تر بەنمونە : یەکەم. لەسەروبەندی جەنگی دووەمی جیهانیدا دوای ئەوەی ئەڵمانیا پەلاماری ستالین گراندی یا ، تورکیاش خۆی ئاماددە دەکرد بۆ گرتنی قەوقاز و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست ، بۆیە حوکمەتی تورکیا زیاتر لە نیوملیۆن سەربازی خۆی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی ( باکوری کوردستان ) کرد کە ئەوەش زۆر ئەستەم بوو تا کوردانی باکور دەنگی ناڕەزایی دەرببڕن یا نەتوانن هەرجوڵانەوەیەکی چەکداریان هەبێت دووەم. لە دوای جەنگیش کاتێ تورکیا بویە هاوپەیمانی ڕۆژئاوا ، دەوڵەتە زلهێزەکانی وەک ئەمەریکا و بەریتانیا تورکیایان دەپاراست لە هەر جوڵانەوەیەکی کوری گەر ڕووی بدایە ، سەرەڕای هەمو ئەوانەش کوردان دەستەوستان نەبوون لە داوای مافی خۆیان ، لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٤٧ دا ڕاپەڕینێکی چەکدارانە بە سەرکردایەتی( مستەفا شاهین بەگ ) ئەندامی دامەزرێنەری ( خۆیبون ) لە ناوچەی جزیرە هەڵگیرسا ، بەڵام هەر زوو ڕاپەڕینەکەی کپکرایەوە و تەنانەت حوکمەتیش هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردەوە سەبارەت بە چۆنییەتی ڕاپەڕینەکە ، لە ساڵێ ١٩٤٨ یشدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا ، حوکمەت ڕێگری لە زیاتر لە ٦٠ گوند کرد کە دەنگ بدەن بێ لە سەرۆک گوندەکان ، لە سەرەتای شەستەکانیش تورکە نەتەوە پەرستەکانیش کێشە و ناکۆکیەکانی خۆیان خستبۆوە لاوە و ترسی گەورەیان لە دروستبوونی حوکمەتی کوردی و ئەرمەنی لە کات و شوێنی خۆیدا هەبوو چونکە ئەو دوو نەتەوەیە بە ئاسانی بە ڕەگەزنامەی تورکی قایل نەدەبوون ، لە ساڵی ١٩٦١ دا لە دەستورێکی نوێ دا هەوڵدرا ئەو کێشەیە سووک بکرێ بۆیە هەندێ وشەی هێواشکەرەویان بە کارهێنا ، بەتایبەت بەرامبەر بە کوردەکان و پێیان ئەوتن ( تورکە شاخاوییەکان ) ، سەرەڕای ئەوەی بەگەلێکی جودا تەماش دەکران بەڵام هێشتاش حوکمەتی تورکیا ئامادە نەبوو دانبنێت بە نەتەوەیەک بە ناوی کورد ! لە بارە ڕێژەی کوردان هیچ کات دەوڵەتی تورکیا ئامادە نەبووە ڕێژەی راستی کوردەکان وەک خۆی نیشان بدات بۆیە لەسەر ژمێرییەکانی ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٩٠ ی وڵاتی تورکیا دا ڕێژەکان بەم جۆرە گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە ( ١% و ٧% و ١٧% ١٨ ) کە جیاوازییەکی بەرچاو بەدی دەکرێت . ناو چەو دێهاتەکانی کورد لە ڕووی کۆمەڵایەتی خوێنەوارییەوەوە ، نزمترین و دواکەوتووترین پلەی خوێندەواری تێدا بەدی دەکرێت کە هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ هەژاری و دەست کورتی و کەمدەرامەتی دانیشتووان و نەبوونی قوتابخانە و نەبوونی مامۆستا بۆ ئەو قوتابخانە کەمانەی کە هەبوون ، کە یەکێکی تر لە هۆکارەکان ئاغا و دەرەبەگەکان بوون ، کە هیچ هەوڵێکیان نەدەدا تا خزمەت بە گووندەکانیان بکرێت و قوتابخانەی بۆ دابین بکرێت ، تەنها کارێک کردبێتییان کۆ کردنەوەی دەنگ بووو بۆ حیزبە دەسەڵات دارەکان ، نەبوونی خوێندەواری و خوێندن بە تەنها بە زمانی تورکی هۆکار بووە کە نەوەکانی داهاتوو تەواو بێ ئاگابن لە مێژووی خۆیان و فێرنەبوونی زمان و ڕێزمانی کوردی . سەبارەت بە لایەنی ئابوری و کوشتوکاڵ ، کوردانی باکور بە پێی ئامارێکی ساڵی ١٩٨٥ بە تەنها لە ٢٪ ی دانیشتوانی باکوور سودمەند بوون لە ٣٠٪ ئەو زەوییانەی کە بۆ مەبەستی کوشتوکاڵ گونجاوە لە باکوور بە واتایەکی تر ئەو کەمینەیەی کە سوودمەند بوون لەو زەوی و زارانە ئاغا و دەرەبەگە کوردکان بوون کە حوکمەت بۆ پاڵپشتی کردن پێیدابوون و لە بەرامبەریشدا لە ڕێی ئاغا و دەرەبەگەکانەوە توانی بووی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچە کوردییەکاندا بسەپێنێت ، هەرچیش ماوە لە خەڵکە ئاساییەکە بە تەواوی پشت گوێ خرابوون بەو ڕادەیەی کە لە ئامارەکانی ساڵی ١٩٩٠ دا ناوچە کوردییەکان بە ڕێژەی ٤٠٪ هەژاری هەموو دەوڵەتی تورکییا پێک دەهێنا . لایەنی ئابووریش هۆکارێک بووە تا گەنجانی دێهات و شارە کوردییەکان کۆچ بکەن بۆ شارە گەورە تورک نشینەکان کە بێ گوومان حوکمەتی تورکیاش لەم پڕۆسەیەدا دوو ئامانجی دەپێکا : یەکەم. گۆڕینی دیمۆ گرافییای باکووری کوردستان دووەم. دەست کەوتنی کارێش لە ناوچە تورک نشینەکان بەبێ فێربوونی زمانی تورکی شتێکی ئەستەم بوو . کە ئامانج لەو دوو هۆکارە بۆ ئەوە بوو تا نەوەکانی دواتر وا هەست بکەن کە بە ڕاستی ئەوان تورکن نەک ڕەچەڵەکی بنەڕەتی خۆیان کە کوردن . لە چارەکی کۆتایی سەددەی ڕابردوو ، دوای پەیدابوونی کۆمەڵێ بزوتنەوەی چەکداری و سیاسی چۆنییەتی ئاسمیلە کردنی کوردان لەلایەن حوکمەتی فاشیستی تورکیاوە گؤڕانکاری بەسەردا هات و لێرە بە کورتی هەندێکی دەخەینە ڕوو : یەکەم. سەرکوتکردنی بزووتنەوەی سیاسی کورد لە تورکیا تورکیا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تووشی یەکەمین پێکدادان بوو ، کە گرووپێکە خەبات بۆ مافە گەورەکانی کورد دەکەن. دووەم. سەرکوتکردنی سیاسی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی سیاسی کورد لەلایەن تورکیاوە بەردەوامە لە سووتەمەنیکردنی ئەم ململانێ سیاسییە ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا ، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە دەسەڵاتدایە ، بەشدارە لە دەستوەردان لە دەسەڵاتی دادوەری و سنووردارکردنی ئازادییە مەدەنییەکان ، هەروەها بە سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بە شێوەیەکی سیستماتیک دەسەڵاتی ناوەندی کردووە. سێیەم. پەراوێزخستنی کورد بەپێی ئامارە نافەڕمییەکان کوردەکان گەورەترین نەتەوەیی تورکیا پێکدەهێنن. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ، شارەوانی هەڵبژێردراوی دیموکراسی و زۆرینەی کورد ، چەندین جار بە بەرپرسانی دیاریکراوی حکومەت جێگیرکراون. بۆ نموونە لە شاری وان ، ناڕەزایەتییەکان کاتێک سەریان هەڵدا کە حکومەت هەوڵیدا سەرەڕای بەدەستهێنانی زۆرینەیەکی دەنگ ، ڕێگری لە عەبدوڵڵا زەیدانی پارتی دیموکراتی کورد بکات ببێتە سەرۆکی شارەوانی ، دواتر بڕیارەکە هەڵوەشایەوە ، بەڵام لۆژیکی سیاسی بنەڕەتی بەردەوامە . چوارەم. داخستنی پارتە سیاسییە کوردییەکان یەکێک لە نموونە ڕوونەکانی پەراوێزخستنی سیاسی کورد داخستنی پارتە کوردییەکانە. لە ساڵی 1990ەوە تا ئێستا پێنج پارتی کوردی بە فەرمانی دادگا لە تورکیا داخراون و لەبری ئەوەی دیالۆگ بۆ چارەسەری سیاسی پەرەپێبدەن . پێنجەم. سنووردارکردنی میدیا ئەوەی کە گرنگە باس بکرێت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا میدیایە ، میدیاکان ڕۆلی گرنگیان هەیە لە نیشاندانی ڕوداو و پێشهاتەکان ، لە سەردەمی ئێستادا حوکمەتی فاشیست زۆر بە تووندی کار لەسەر ئەوە ئەکات کە ڕاستییەکان لە بەرژەوەندی خۆی بشێوێنێت ، کورد بکاتە گەلێکی نەزان و نەخوێندەواری بێ مێژووی دڕندە و کێوی ، سەڕەڕای کەم کردنەوەی ڕێژەی ئینتیکی کوردان ئەمە جیا لەوەی کە ڕێوشوێنی تووندی گرتۆتە بەر بۆ کۆنترۆڵکردن و سنووردار کردنی میدیا .

تعليقات