پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان


مێشک : Brain

مێشک:- ئەندامێکی سەرسوڕهێنەرە و سەرجەم کارەکانی جەستە ئەنجام دەدات و زانیارییەکانی جیهانی دەرەوە لێکدەداتەوە و جەوهەری دەروون و ڕوح بەرجەستە دەکات، کێشی نزیکەی ١.٤ کیلۆگرامە؛ زیرەکی، داهێنان، هەست و یادەوەری چەند شتێکن لەو شتە زۆرانەی کە مێشک بەڕێوەی دەبات. مێشک لەناو کەللەسەردا پارێزراوە، لە مێشک و مێشکۆڵە و بنەچەی مێشک پێکهاتووە.
مێشک لە ڕێگەی پێنج هەستەکانمانەوە زانیاری وەردەگرێت، وەک:[بینین، بۆنکردن، دەست لێدان، تامکردن و بیستن]، زۆرجار لە یەک کاتدا لەڕێگەی زیاتر لە ھەستێک زانیاری دەچێت بۆ مێشک. پەیام و زانیارییەکان بە شێوەیەک کۆدەکاتەوە کە بۆ ئێمە مانادار بێت، و دەتوانێت ئەو زانیارییانە لە بیرگەماندا هەڵبگرێت. مێشک کۆنتڕۆڵی[بیرکردنەوە، یادەوەری، قسەکردنمان، جووڵەی قۆڵ و قاچ و کاری زۆرێک لە ئەندامەکانی ناو جەستەمان] دەکات.
________________________________

1-مێشک لە سێ بەشی سەرەکی پێکھاتووە، ئەوانیش : The brain consists of three main parts:-

١- مێشک : Cerebrum:-
گەورەترین بەشە لە مێشکدا و لە نیوەگۆی ڕاست و چەپ پێکهاتووە؛ ئەرکە باڵاکانی وەک [لێکدانەوەی ھەستەکان، قسەکردن، هەست، فێربوون و کۆنترۆڵکردنی وردی جووڵە] ئەنجام دەدات.

٢- مێشکۆڵە «مێشکچکە» : Cerebellum:-
دەکەوێتە ژێر مێشکەوە، ئەرکەکەی بریتییە لە [هەماهەنگیکردنی جوڵەی ماسولکەکان، پاراستنی دۆخی جەستە و ڕاگرتنی هاوسەنگی].

٣- بنەچەی مێشک : Brainstem:-
وەک ناوەندێک کاردەکات کە مێشک و مێشکۆڵە بە بڕبڕەی پشتەوە دەبەستێتەوە؛ چەندین ئەرکی خودکاری ئەنجام دەدات وەک [هەناسەدان، لێدانی دڵ، پلەی گەرمی لەش، سوڕەکانی خەبەربوونەوە و خەوتن، هەرسکردن، پژمین، کۆکە، ڕشانەوە و قووتدان]. ________________________________

2-لایەکانی مێشک : Sides of the Brain:-

مێشکی ڕاست - چەپ:-
مێشک دابەش دەبێت بەسەر دوو نیوەگۆدا:
نیوەگۆی ڕاست و چەپ(The right and left hemispheres)؛ بە کۆمەڵێک ڕیشاڵ بەیەکەوە دەبەسترێنەوە کە پێی دەوترێت (Corpus callosum:- ھەردوو نیوەگۆی مێشک بەیەکەوە دەبەستێتەوە)، کە پەیام و زانیارییەکان لە لایەکەوە بۆ لایەکی تر دەگوازێتەوە. هەر نیوەگۆیەک لایەنی بەرامبەری جەستە کۆنتڕۆڵ دەکات، ئەگەر جەڵتەی مێشک لە لای ڕاستی مێشک ڕووبدات، ڕەنگە قۆڵ یان قاچی چەپت لاواز بێت یان ئیفلیج بێت؛ واتە نیوەگۆی ڕاستی مێشک کۆنتڕۆڵی لای چەپی جەستە دەکات، وە نیوەگۆی چەپی مێشک کۆنتڕۆڵی لای ڕاستی جەستە دەکات.
هەموو ئەرکەکانی نیوەگۆکان هاوبەش نین، بۆ نموونە:-
١-: بەگشتی نیوەگۆی چەپ کۆنتڕۆڵی [قسەکردن، تێگەیشتن، کرداری ژمێریاری و نووسین...تاد] دەکات.
٢-: نیوەگۆی ڕاست کۆنتڕۆڵی [داهێنان، توانای سروشتی، لێهاتوویی هونەری و مۆسیقا...تاد] دەکات. _________________________________

3-(پل)ەکانی مێشک : Brain lobes:-

مێشک دابەشکراوە بەسەر چوار پلدا، ھەریەکەیان کۆمەڵێک ئەرک و شت لەخۆدەگرن و کۆنتڕۆڵیان دەکەن:-

١- ناوچاوان یان پێشە پل : Frontal lobe:-
[کەسایەتی، ڕەفتار، هەست، بڕیاردان، پلاندانان، چارەسەرکردنی کێشەکان، قسەکردن و نووسین، جووڵەی جەستە، زیرەکی، تەرکیز و خوودئاگایی].

٢- دیوارە پل : Pariental lobe:-
[لێکدانەوە بۆ وشە و زمان دەکات، هەستکردن بە دەست لێدان، ئازار، پلەی گەرمی، ئاماژەکانی بینین، بیستن، جووڵەیی، ھەروەھا لێکدانەوە دەکات بۆ هەستیاری و بیرەوەری].

٣- لاجانگە پل : Temporal lobe:-
[تێگەیشتن لە زمان، یادگە، بیستن، ڕێکخستن و ھاوسەنگی].

٤- پشتە پل : Occipital lobe:-
[لێکدانەوە بۆ بینین دەکات(ڕەنگ، ڕووناکی، جووڵە)]. ________________________________

4-یادگە : Memory:-

بیرگە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە کە سێ قۆناغ لەخۆدەگرێت:
کۆدکردن (بڕیاردان لەسەر ئەوەی چ زانیارییەک گرنگە)، هەڵگرتن و وەبیرهێنانەوە.
ناوچە جیاوازەکانی مێشک بەشدارن لە جۆرە جیاوازەکانی بیرەوەریدا.
مێشکت دەبێت گرنگی بدات و ڕاھێنان بکات بۆ ئەوەی ڕووداوێک لە بیرەوەری کورتخایەنەوە بگۆڕێت بۆ بیرەوەری درێژخایەن، کە پێی دەوترێت کۆدکردن.
توێکڵ یان بڵێین بەشی پێش پێشەوەی مێشک «Prefrontal cortex» ئەو ڕووداوانەی تازە ڕوویانداوە بۆ ماوەیەکی کورت لە یادەوەری کورتخایەندا ڕادەگرێت، ھیپۆکامپەس«Hippocampus» بەرپرسە لە کۆدکردنی بیرەوەری درێژخایەن و ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە.

دوو جۆرەکەی یادگە(درێژخایەن و کورتخایەن):-
١- یادەوەری کورتخایەن : short term memory:-
کە پێی دەوترێت بیرەوەری کارکردن، لە بەشی یان توێکڵی پێش پێشەوە ڕوودەدات، نزیکەی یەک خولەک زانیاری هەڵدەگرێت و توانای سنووردارە؛ بۆ نموونە توانات پێدەدات ژمارە تەلەفۆنێک کە کەسێک تازە پێی وتوویت لەبیرت بمێنێت. هەروەها لە کاتی خوێندنەوەدا دەستوەردان دەکات، بۆ ئەوەی ئەو ڕستەیەی تازە خوێندووتەتەوە لەبیرت بێت، بۆ ئەوەی ڕستەی داهاتوو مانای هەبێت و لێت تێکنەچێت.

٢- یادەوەری درێژخایەن : Long term memory:-بیرەوەری درێژخایەن لە ھیپۆکامپەسدا پڕۆسێس دەکرێت و کاتێک دەتەوێت شتێک بۆ ماوەیەکی زیاتر لەیادگەتدا بھێڵیتەوە چالاک دەبێت. ئەم بیرگەیە توانای ناوەڕۆک و ماوەی ھێشتنەوەی بێسنووری هەیە، یادەوەری کەسی و هەروەها زانیاری و چەندین شتی تری تێدایە. ________________________________
 
5-پەردەی مێشک : Meninges:-

مێشک و بڕبڕەی پشت بە سێ چین لە شانە داپۆشراون و دەپارێزرێن کە پێیان دەوترێت پەردەی مێشک.
لە چینی دەرەوە بەرەو ناوەوە بریتین لە:
‏١- Dura mater
‏٢- Arachnoid mater
‏٣- Pia mater ________________________________

6-ڕەگ(قەد)ی مێشک : Brain stem:-

ڕەگی مێشک دەکەوێتە بەردەم مێشکۆڵە و بە بڕبڕەی پشتەوە دەبەسترێتەوە؛ بەرپرسە لە گواستنەوەی پەیام و زانیاری بۆ بەشە جیاوازەکانی جەستە و توێکڵی مێشک.
لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت:-

١- ناوەڕاستە مێشک : Midbrain:-
یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی جووڵەی چاو دەدات، زانیاری بینین و بیستراو پرۆسێس دەکات، جووڵە ڕێکدەخات و بەشدارە لە وروژاندن و بەئاگابوونەوە.

٢- پرد : Pons:-
ئەمەش گەورەترین بەشە لە ڕەگی مێشک، دەکەوێتە ژێر مێشکی ناوەڕاستەوە؛ کۆمەڵێک دەمارن کە یارمەتی بەستنەوەی بەشە جیاوازەکانی مێشک دەدەن. ئەم دەمارانە بەشدارن لە جووڵەی دەموچاو و گواستنەوەی زانیاری هەستیاری، هەروەها هەناسەدان، ھەروەھا ھەردوو نیوەگۆی مێشک و مێشکۆڵە بەیەک دەگەیەنێت.

٣- لاکێشە مۆخ : Medulla oblongata:-
خوارەوەترین بەشە لە مێشکدا، وەک پەیوەندی نێوان بنەچەی مێشک و بڕبڕەی پشت کاردەکات. هەروەها کۆنتڕۆڵکردنی کارەکانی دڵ و سییەکان ئەنجام دەدات؛ یارمەتی ڕێکخستنی زۆرێک لە ئەرکە گرنگەکان دەدات، لەوانە [جووڵە، هەستیاری، هەناسەدان، پژمین و قووتدان]. ________________________________

7-بارودۆخ و نەخۆشییەکانی مێشک : Brain conditions:-

چەندین حاڵەت ھەیە کە کاریگەری لەسەر مێشک ھەیە، زۆربەیان بریتین لەم ٥ پۆلە سەرەکییە:-

١- برینداربوونی مێشک : Brain injuries:-
وەک [تەزووی مێشک].

٢- برینداربوونی خوێنبەرەکانی مێشک : Cerebrovascular injuries:-
وەکوو [خوێنبەرەکان یان جەڵتەی مێشک].

٣- وەرەمی مێشک : Brain tumors:-
وەک [دەمارە دەنگییەکان یان شوانۆم«Schwannomas»].

٤- تێکچوونی دەمارەکان : neurodegenerative disorders:-
وەک [نەخۆشی بیرچوونەوە، نەخۆشی پارکینسۆن یان نەخۆشی ھەنتینگتۆن].

٥- حاڵەتە دەروونییەکان : psychological conditions:-
وەک [دڵەڕاوکێ، خەمۆکی یان شیزۆفرینیا].

ئەمانە و چەندین حاڵەتی تر کە کاریگەرییان ھەیە لەسەر مێشک و تەندروستی مێشک. _______________________________

8-ڕێنمایی بۆ ھەبوونی مێشکێکی تەندروست : Tipps for a healthy Brain:-
ڕەنگە هەندێک حاڵەتی مێشک لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی تۆدا بن، وەکو زەبر و زەنگ لە مێشک یان کێشەی تەندروستی دەروونی.
بەڵام شتانێک هەیە کە دەتوانیت کۆنتڕۆڵی بکەیت و ئەنجامی بدەیت بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات مێشکت لە تەندروستییەکی باشدا بمێنێتەوە، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوونت بە هەندێک حاڵەتی تەندروستی، ئەمانیش:-

١- پارێزگاریکردن لە سەرت : Protect your head.

٢- وەرزش و خەوی باش : Exercise and sleep well.

٣- دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە : Quite smoking.

٤- گوێ لە بیرکردنەوەکانت بگرە و بە بیری خۆت ژیان بکە : Listen to your thoughts.

٥- سەرنج بخە سەر خواردنی تەندروست : Focus on nutritious diet، وەک [ماسی، گوێز، زەیتی زەیتوون، میوەکان، سەوزەکان و دانەوێڵەکان...تاد].

٦- فێربوونی بەردەوام و کتێب خوێندنەوە : Keep learning and reading.

ئەمانە و چەندین شتی دیکە. _______________________________

-نووسین و ئامادەکردن بە ھاوبەشی:-
موحەممەد دادکوش
موحەممەد خالید

-سەرچاوە و بەستەرەکان:-
‏١-https://mayfieldclinic.com/pe-anatbrain.htm
‏٢-https://brainfacts.org/
‏٣-https://thebrain.mcgill.ca/index.php
‏٤-https://www.healthline.com/human-body-maps/brain

تعليقات